رووداو دیجیتاڵ
دادگەی شۆڕشی تاران سزای لەسێدارەدانی بۆ بەندکراوێکی کوردی خەڵکی سەقز دەرکرد؛ بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەو هاونیشتمانییە لە چوارچێوەی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا دەستگیر کرابوو.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026، لقی 15ی دادگەی شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، سزای لەسێدارەدانی بۆ هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئارمان مەعریفەتی دەرکردووە.
ئارمان مەعریفەتی، تەمەنی 38 ساڵە و خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی تاران بووە. لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە زیندانی "قزڵحەساری کەرەج" راگیراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی هرانا، دادگەی "شۆڕش" بە تۆمەتەکانی وەک: "بەشداریکردن لە کردەوەی دژی ئاسایشی نیشتمانی، بەزاندنی سنووری شوێنە پیرۆزەکان بە مەبەستی تێکدان، و بەشداریکردن لە ئاگرتێبەردانی مزگەوت و ناوەندی ئایینی (حەوزەی عیلمییە)." سزای لە سێدارەدانی بەسەر مەعریفەتیدا سەپاندووە
ئارمان مەعریفەتی پێشتر لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکەی کورد بە ناوەکانی (مێهرداد محەممەدینیا و ئەشکان مالیکی) لە یەک دۆسیەی هاوبەشدا دادگایی کرابوو، کە سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو کەسەی دیکە لە 1ی حوزەیرانی 2026دا جێبەجێ کرا.
خۆپێشاندانەکانی ئێران کە لە 28-12-2025 دەستیان پێکرد. بەپێی ئاماری ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران هرانا 53 هەزار و 552 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران.
دەسەڵاتی دادی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، بەشێک لەو کەسانەی دەستگیرکراون سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و سزاکانیان بە خێرایی جێبەجێ دەکرێ.



.jpg&w=3840&q=75)
