رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی ئاماری ئێران لە نوێترین راپۆرتیدا رایدەگەیێنێت، لە سێ مانگی وەرزی بەهاری ئەم ساڵدا رێژەی لەدایکبوون لە وڵاتەکە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، بە رێژەی 4.3% کەمی کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026 ناوەندی ئاماری ئێران داتاکانی تایبەت بە لەدایکبوون و گیانلەدەستدانی لە وەرزی بەهاری ئەم ساڵ (21ی ئادار تاوەکو 21ی حوزەیرانی 2026) بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە، لەو سێ مانگەدا 205 هەزار و 78 منداڵ لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوون؛ ئەم ژمارەیەش بەراورد بە هەمان ماوەی وەرزی بەهاری پار، 4.3% کەمبوونەوەی تۆمار کردووە. لەو ژمارەیە 106 هەزار و 447ـیان کوڕ و 98 هەزار و 631ـیان کچ بوون.
سەبارەت بە ئاماری گیانلەدەستدانیش، ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە هەمان ماوەدا 113 هەزار و 287 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە پار رێژەکە 3.9% کەمی کردووە.
کەمبوونەوەی بەردەوامی رێژەی لەدایکبوون لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای ئێران چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی مەترسیی کەمبوونەوە و پیربوونی ژمارەی دانیشتووان داوە. پسپۆڕانی دیمۆگرافیا هۆشداری دەدەن، ئەگەر رەوتی دابەزینی لەدایکبوون بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2100 ژمارەی دانیشتووانی ئێران بۆ کەمتر لە 40 ملیۆن کەس دابەزێت.
هاوکات راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر گۆڕانکاری لە پێکهاتەی خێزانەکان؛ لە ساڵی 2016 ژمارەی خێزانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 24 ملیۆن و 196 هەزار خێزان بووە، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە 28 ملیۆن و 81 هەزار خێزان. لەو ژمارەیەش، زیاتر لە 22 ملیۆن و 129 هەزار خێزان لە شارەکان و 5 ملیۆن و 952 هەزار خێزانیش لە گوندەکاندا نیشتەجێن.



.jpg&w=3840&q=75)
