رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئێران ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، وڵاتەکەی چیدیکە پشت بە بەڵێنە نووسراوەکانی ئەمریکا نابەستێت، بەڵکو پێش چوونە نێو هەر قۆناخێکی نوێی دیپلۆماسی، چاوەڕێی هەنگاوی کردەییە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، عەلی باقری، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، واشنتن لە 18 مانگی رابردوودا بەهۆی پێشێلکردنی بەڵێنەکانییەوە، بە بەردەوامی دانوستاندنەکانی تێکداوە.
باقری گوتی، "پێویستە ئێران بە چاوی خۆی هەنگاوە کردەییەکانی ئەمریکا ببینێت" و ئاماژەی بەوەش کرد کە دەروازەیەکی نوێی دیپلۆماسی تەنیا دوای گرتنەبەری ئەو جۆرە هەنگاوانە گونجاو دەبێت.
باقری هەروەها تیشکی خستە سەر وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکەی دوێنێ پێنجشەممەی نێوان موحسین رەزایی، بەرپرسی باڵای ئەمنیی ئێران و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ و رایگەیاند، گفتوگۆکە نزیکەی سێ کاژێری خایاندووە.
جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی روونیکردەوە کە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی رەزایی، گەیاندنی پەیامێکی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە بۆ دەستنیشانکردنی کاری پێشنۆرەی تاران و روانگەی بۆ هاوکاریی دوولایەنە لەگەڵ رووسیا.
باقری گوتیشی کە ئامانج لە پەیامەکە روونکردنەوەی ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و رووسیا بووە لە سەردەمی رێبەرایەتیی موجتەبا خامنەییدا.
باقری ئاماژەی بە پڕۆژە ستراتیژییەکان کرد، لەوانەش پڕۆژەی پێشنیازکراوی گواستنەوەی گازی سرووشتیی رووسیا بۆ ئێران و رێڕەوی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی باکوور-باشوور و رایگەیاند کە ئەم پڕۆژانە دەتوانن هاوکاریی ئابووری بەهێز بکەن و توانای واشنتن بۆ خستنەژێر گوشاری تاران کەم بکەنەوە.
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، دوای هێرشە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکرد.
هەردوولا لە رێگەی نێوەندگیرە ناوچەییەکانەوە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە، بەڵام ناکۆکییەکان لەسەر رێکخستنە ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان بەردەوامن لە ئاڵۆزکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.


.jpg&w=3840&q=75)

