رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاری ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند، وڵاتەکەی هێرش دەکاتە سەر "هەموو سەرکردە و گرووپە تیرۆریستییەکان" لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها بەڵێنی دا گورزێکی کوشندە لە حیزبوڵڵای لوبنانی بوەشێنن.
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە جەنگی وڵاتەکەی و ئەمریکا لەدژی ئێران رایگەیاند، "ئێمە ئەم هەڵمەتە تەنیا بە هێرشکردنە سەر ئێران کۆتایی پێ ناهێنین، بەڵکو حیزبوڵڵاش تووشی گورزێکی وێرانکەر دەکەین".
هەروەها سوپاسالاری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، پەیامی ئەوان بۆ هەموو ناوچەکە روونە و گوتی: "پەیامەکەمان لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنگ دەداتەوە؛ هێرش دەکەینە سەر هەموو ئەو سەرکردە و گرووپە تێرۆریستییانەی دەیانەوێت زیانمان پێ بگەیێنن. ئێمە ئەمەمان سەلماندووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە سەلماندنی".
رۆژی 28ی شوبات جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. ترەمپ دەڵێت، 48 سەرکردەی ئێرانییان کوشتووە کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانە.
شەوی رابردووش حیزبوڵـڵای لوبنان وەکو پاڵپشتییەک بۆ ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد. هەرزوو تەلئەڤیڤ بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو گرووپە لە لوبنان وەڵامیدانەوە.
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە یەکێک لە هێرشەکانیاندا حەسەن مەقلەد، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی حیزبوڵڵا لەنێو دڵی بەیروت کردە ئامانج و کوشتیان.


.jpg&w=3840&q=75)
