رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئێران رایدەگەیێنێت، سەرەڕای ئەوەی یەدەگی پێویستی کاڵا سەرەکییەکان و وزە دابینکراوە، بەڵام هاووڵاتییان نابێت لە بابەتی "پاشەکەوتکردنی وزە بێخەم بن". هاوکات هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە تەندروستییەکان بە "تاوانی جەنگ" وەسف دەکات.
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران جەخت لە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سنوورەکان دەکاتەوە و لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری تاران، چەند پەیامێکی گرنگی ئاراستەی خەڵک و بەرپرسان کرد.
موئمینی دڵنیایی دەدات کە لە بابەتی کاڵا سەرەکییەکان، لە خۆراک و وزەدا پێشتر هەموو ئامادەکارییەک کراوە و "یەدەگی پێویست لە بەردەستدایە." بەڵام هۆشداریش دەدات کە خەڵک نابێت لە دەستگرتن بە وزەوە بێخەم بن و دەبێت بیکەنە کاری لەپێشینە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری ناوخۆی ئێران، جەخت دەکاتەوە کە ئاسایشی سنوورەکان لەلایەن پاسەوانی سنوور و هێزە چەکدارەکانەوە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە و دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین پێی دووژمن بگاتە سەر خاکی ئێران." داواش لە خەڵک دەکات هەر کاتێک هەرچەشنە جووڵە و گواستنەوەیەکی گوماناوییان بینی، دەزگا پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
لەبارەی هێرشەکانەوە بۆ سەر ناوەندە مەدەنییەکان، موئمینی دەڵێت: "بەگوێرەی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی فریاگوزاری، نەخۆشخانەکان، قوتابخانە و شوێنەوارە مێژووییەکان قەدەخەیە و بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت، بەڵام دوژمن ئەمەی کردووە."
ئاماژەی بەوە کرد کە "کاریگەریی یەکڕیزی و هاوسۆزیی نیشتمانی لە مووشەکەکانیش بەهێزترە" و دروستکردنی هەر جۆرە کەلێنێک لە ریزەکانی خەڵکدا قبووڵکراو نییە.



.jpg&w=3840&q=75)