رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەدوای ئاگربەستەوە نین و دەیانەوێت سنوورێک بۆ ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەیان لە داهاتوودا دابنێن.
رۆژی سێشەممە، 10ی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بەدوای ئاگربەستەوە نین و دەمانەوێت وانەیەک بە دەستدرێژیکار بدەین کە نەتوانێت جارێکی دیکە هێرشبکاتەوە سەر ئێران".
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا وئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی، ئێران هێرشی درۆنی و مووشەکی کردە سەر وڵاتانی کەنداو.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل چەند جارێک پرۆسەیەکی دژی وڵاتەکەی جێبەجێکردووە، ئەویش "جەنگ، دانوستاندن، ئاگربەست و دووبارە جەنگ"ـە. گوتیشی، رێگە بە دووبارە بوونەوەی ئەو پرۆسەیە نادەن.
پێش دەستپێکی جەنگ، ئێران و ئەمریکا سێ گەڕی دانوستاندنیان کرد بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن. پێش جەنگی 12 رۆژەش لە حوزەیرانی 2025، ئەمریکا و ئێران پێنج گەڕی دانوستاندنیان کرد لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران و نەگەیشتنە رێککەوتن. ئەو کاتیش سەرەتا ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران.
بە گوێرەی تەندروستی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە 13 کەس کوژراون. هەروەها، بە گوێرەی بەرپرسانی تارانیش، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە سەروو هەزار و 400 کەس کوژراون.




.jpg&w=3840&q=75)