رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ژینگەی ئێران، هۆشداری لە کارەساتێکی ژینگەیی گەورە دەدەن و دەڵێن:" قەبارەی ئەو بۆمب و مووشەکانەی لەم جەنگەدا ئاراستەی خاکی ئێران کراون، دوو هێندەی ''جەنگی 12 رۆژەیە.'' تاران دۆسیەیەکی یاسایی بۆ وەرگرتنی قەرەبووی ''پیسبوونی ژینگە'' لە ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادە دەکات.
عەلی محەممەد تەهماسبی، بەرپرسی هەڵسەنگاندنی زیانە ژینگەییەکان لە ئێران، دەڵێت: ''بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستن،تەنانەت ئیسرائیلیش دانی پێداناوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هێندەی جەنگی 12 رۆژە بۆمب و مووشەک دژی ئێران بەکارهێنراوە، ئەمەش وایکردووە زیانە ژینگەیییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.''
تەقینەوەی کۆگاکانی نەوت و گۆڕانی کەشوهەوا
تەهماسبی، ئاماژە بە تەقینەوەی کۆگەکانی نەوتی تاران دەکات و بە یەکێکە لە مەترسیدارترین رووداوە ژینگەیییەکانی دادەنێ، تاران خەریکی هەڵسەنگاندنی قەبارەی ئەو سووتەمەنییانەیە سووتاون، بۆ ئەوەی بڕی ئەو گازە ژەهراوییانە دیاری بکات چووەتە نێو بەرگەهەواوە، بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، ئێران تێچووی هەر تەنێک گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەهۆی جەنگەوە دروست بووە، بە 80 دۆلار دەخەمڵێنێت و دەیەوێت وەک ''قەرەبوو'' لە دادگە نێودەوڵەتییەکان داوای بکات.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، هێرشەکان تەنیا زیانی کاتی نین؛ تەقینەوەی بۆمبەکان تۆز و خۆڵێکی ژەهراوی بەرهەمدێنن مادەی ''جیوە'' و کانزا قورسەکانی تێدایە، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی درێژخایەنی سەرچاوەکانی ئاو و خاک. هەروەها سووتانی دارستانەکان بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیانێکی وای گەیاندووە لانیکەم 10 ساڵی دەوێت تاوەکوو ژینگە بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
ئامادەکاری بۆ سکاڵای یاسایی
بە گوتەی تەهماسبی، ئێران ئەزموونی جەنگی 12 رۆژەی پێشووی بەکارهێناوە و ''دەستوورێکی گشتگیری پاراستنی ژینگە لە کاتی جەنگ''ی بۆ هەموو پارێزگاکان ناردووە. ئەو دەڵێت:":دوای جەنگی 12 رۆژە، هەموو زیانە ژینگەیییەکانمان گۆڕی بۆ بڕی 'تمەن' و لە چوارچێوەیەکی یاساییدا رەوانەی داواکاری گشتیی تاران، وەزارەتی ئابووری و جێگری سەرۆککۆمارمان کردووە بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمار بکرێت، بۆ ئەم جەنگەش هەمان کار دەکەین.''
رێکخراوی ژینگەی ئێران رایگەیاند، لە هەموو پارێزگاکان کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و رۆژانە پشکنین و چاودێریی ناوچە سرووشتی و مرۆیییەکان دەکەن، بۆ تۆمارکردنی هەر جۆرە پیسبوونێکی نوێ بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانەوە دروست دەبێت.



