رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە سزایەکی دارایی قورسی بۆ ئەو کەسانە دیاریکرد، کە بەبێ مۆڵەت حەج دەکەن، بە جۆرێک هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت هەوڵ بدات حەج بکات، بە 100 هەزار ریاڵ سزا دەدرێت.
رۆژی یەکشەممە 24ی ئایاری 2026 وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند، "سزای دارایی بە بڕی تاوەکو 100 هەزار ریاڵی سعودی (زیاتر لە 26 هەزار دۆلار) بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێندرێت کە بەبێ مۆڵەت حەج بکات یان هەوڵی کردنی بدات، یاخود بەبێ مۆڵەت بچێتە نێو شاری مەککە و شوێنە پیرۆزەکان و تێیاندا بمێنێتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە پێویستیی پابەندبوون بە رێنوێنییەکانی رێکخستنی وەرزی حەجی ئەم ساڵ (1447ی کۆچی) کراوەتەوە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی "میوانانی خودا." ئاماژە بەوەش کراوە، هەر لایەنێک سەرپێچیی رێنماییەکان بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە داوا لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکە دەکات لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
دوو ساڵە سعودیە رێکارەکانی بە جێگەیاندنی فەریزەی حەجی تووندکردووە، ئەویش دوای ئەوەی پێرار چەندین کەس بەبێ مۆڵەت حەجیان کرد، ئەمەش قەرەباڵخییەکی زۆری دروست کرد و بەهۆیەوە چەندین حاجی لە رۆژی عەرەفەدا کەوتنە ژێر پێ و گیانیان لە دەست دا.
