رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران خەریکی تاوتوێکردنی پلانێکن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەوەش 30 رۆژ دوای گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان.
رۆژی سێشەممە، 26-05-2026، رۆژنامەی "نیکای"ی ژاپۆنی لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا، ئێران لە ماوەی ئەو 30 رۆژەی دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، دەست دەکات بە پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لەو مینانەی پێشتر چاندوونی.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، دوای تەواوبوونی پرۆسەی پاککردنەوەکە، کەشتییەکانی هەموو وڵاتان دەتوانن بە شێوەیەکی ئازاد و سەلامەت هاتووچۆ بکەن و تاران واز لە وەرگرتنی "سەرانە" یان باجی تێپەڕبوون دەهێنێت کە پێشتر بەسەر کەشتییەکاندا سەپاندبووی.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو ئاگربەستەی لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردووەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا راگەیێندراوە، درێژ دەکرێتەوە؛ ئامانج لەم هەنگاوەش رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەنجامدانی دانوستاندنی چڕ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئەم پێشهاتە نوێیە هیواکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی بازاڕی وزەی جیهانی تووشی گوشارێکی زۆر کردووە، زیاد دەکات؛ چونکە لە کاتی ئاساییدا پێنجیەکی نەوت و گازی جیهان بەو تەنگەیەدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە کردنەوەی رێگەکە بەبێ بەرامبەر، وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ دیپلۆماسی دەبینرێت.
ئەم پێشنیازە نوێیە لە کاتێکدایە هەردوو لایەن لە ژێر گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتیدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەم قەیرانە. درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەش وەک هەنگاوێکی جیدی بۆ رێگری لە دەستپێکردنەوەی پێکدادانە سەربازییەکان دەبینرێت.
رۆژی 28ـی شوباتی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و دواتر تاران بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامی دانەوە. لە رۆژی 8ـی نیسانەوە، بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەست لە جەنگەکەدا راگەیێندرا، بەڵام ناوە ناوە هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
ئێستا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە، واشنتن نایەوێت هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێندراو لە ئێراندا بمێنێت و وڵاتەکە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی دیکەی هەبێت، ئەمەش داواکارییەکە کە چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی تارانەوە رەتکراوەتەوە.
