رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت، "دووژمنان" دوای ئەوەی لە شەڕی سەربازی و هەوڵەکانیان بۆ دابەشکردنی ئێران "شکستیان هێناوە"، ئێستا ستراتیژی خۆیان گۆڕیوە بۆ "شەڕی نەرم" و لەسەر 7 تەوەری سەرەکی کار دەکەن.
رۆژی چوارشەممە 27-05-2026، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند: "ئەو دووژمنەی لە شەڕی سەربازیدا تێکشکا، ئێستا لە رێگەی شەڕی نەرم، شەڕی ناسینەوە و پیلانگێڕیی تێکەڵاوەوە، هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجە کۆنەکانی دەدات کە خۆی لە رووخاندن و پارچەپارچەکردنی وڵاتدا دەبینێتەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئیتڵاعات، ئەو 7 خاڵە ئەولەویەتی کارەکانی "دووژمن"ن لەم قۆناخەدا:
1. گوشاری ئابووری و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی: وەزارەتەکە دەڵێت، "بەهێزکردنی سزاکان و قۆستنەوەی گرانی و کەموکوڕییەکان بۆ هاندانی خەڵک و دروستکردنی پشێوی لەڕێگەی میدیا کوردی و فارسییەکانەوە، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکان."
2. نانەوەی فیتنەی نەتەوەیی و ئایینی: "هەوڵدان بۆ تێکدانی یەکڕیزیی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی ئێران کە لە رووداوەکانی دواییدا وەک یەک جەستە دەرکەوتن."
3. ناردنی "بەکرێگیراوان" بۆ سەر سنوورەکان: ئیتڵاعات بانگەشەی ئەوە دەکات گرووپە "تیرۆریستییەکان" بۆ کردەوەی تێکدەرانە رەوانەی سنوورەکانی باکووری رۆژئاوا (رۆژهەڵاتی کوردستان) و باشووری رۆژهەڵات (بەلۆچستان) دەکرێن. هەروەها دەڵێت، 'هێرشی زەوینیی گرووپە کوردییەکان لە باکووری رۆژئاوای وڵات بەشێک بوو لەو پیلانەی کە لەلایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانەوە تێکشکێنرا'."
4. کردەوەی تێکدەرانە لە ناوخۆ: ئیتلاعات رایگەیاندووە، یەکێک لە کارەکانی لایەنی بەرامبەر "تیرۆر و تێکدەری لەناو شارەکانی ئێرانە لەلایەن کەسانێک، کە لە دەرەوە رێنمایی وەردەگرن."
5. قاچاخی چەک و ئامێری "ستارلینک": وەزارەتی ئیتڵاعات دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرفراوان چەک و تەقەمەنی و ئامێری پەیوەندیی نایاسایی، بەتایبەت ئینتەرنێتی ستارلینک، بۆ ناو ئێران قاچاخ دەکەن.
6. رۆڵی میدیا و سۆشیاڵ میدیا: لە راگەیێندراوەکەدا ناوی میدیاکانی وەک (بی بی سی فارسی، دەنگی ئەمریکا و ئێران ئینتەرناشناڵ) هاتووە و تۆمەتبار کراون بەوەی "سیخوڕ بۆ ئیسرائیل راو دەکەن" و هانی خەڵک دەدەن بۆ تووندوتیژی. هەروەها تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بە ئامرازێکی "دوژمن" ناوزەد کراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری.
7. هێرشە ئەلیکترۆنییەکان: بەردەوامبوونی هێرشە سایبەرییەکان بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی وڵات وەک تەوەرێکی دیکەی شەڕی دژ بە ئێران دیاری کراوە.
وەزارەتی ئیتڵاعات لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە سەرجەم ئەو جووڵانە لە ژێر چاودێریدان و "هێزە ئەمنییەکان رێگە نادەن ئاسایشی نیشتمانیی وڵات بکەوێتە مەترسییەوە."
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 دەستی پێ کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردە سەر ئێران. واشنتن پیی وابوو دەتوانێت بە خێرایی کۆتایی بە دەسەڵاتی تاران بهێنێت، بەڵام بەرگرییەکانی ئێران و پەککەوتنی گواستنەوەی وزە لە تەنگەی هورمز، وای کرد جەنگەکە بچێتە ناو قۆناخێکی نادیارەوە.
ئێستا هەردوولا لە ناو ئاگربەستێکی لەرزۆکدان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە بەیژینگ و ئیسلامئاباد بەردەوامن، بەڵام وەزارەتی هەواڵگریی ئێران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت هەموو لایەک هۆشیار بن چونکە ئامانجی دوژمن نەگۆڕاوە.
