رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایدەگەیێنێت، لە 24 کاژێری رابردوودا، 23 کەشتی لە جۆرەکانی نەوتهەڵگر، کۆنتێنەر و کەشتیی بازرگانیی دیکە، دوای وەرگرتنی مۆڵەت و بە هاوئاهەنگی و دابینکردنی ئاسایش لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە، لە تەنگەی هورمز پەڕیونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە هاتووە، کەنداو ناوچەیەکی ئاوییە و سەر بە مسوڵمانانی وڵاتانی ناوچەکەیە. سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە "دەستدرێژی و خراپەکارییەکانی" سوپای ئەمریکایی گرنگترین هۆکاری نائارامیی ناوچەکەیە لەم رۆژانەدا.
پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆنترۆڵی زیرەکانەی تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی بەردەوام و بە تووندوتۆڵی دەکرێت و چیدیکە رێگە نادرێت هیچ لایەنێک ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان بخاتە مەترسییەوە.
