رووداو دیجیتاڵ
رۆبۆتێکی مرۆڤئاسا بە ناوی (بوسونەیدە)، کە جلی نیشتمانیی ئیمارات (کەندورە و شماخ)ـی لەبەردایە، بووەتە ئەستێرەی پێشانگای (لە ئیمارات دروستی بکە) لە ئەبوزەبی و سەرنجی هەمووانی راکێشاوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بینرا پێشوازی لە میوانان دەکات، بانگ دەدات و سەمای میللی دەکات.
ئەم رۆبۆتە، کە لەسەر سەکۆی (Unitree G1) کاردەکات، لە هاوینی رابردووەوە لە سەرانسەری ئیماراتدا بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو، بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی لەگەڵ شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، حاکمی دووبەی، کاتێک لە نزیک تاوەرەکانی ئیمارات پیاسەی دەکرد و لە بۆنە گشتییەکاندا قسەی لەگەڵ خەڵکدا دەکرد.
(بوسونەیدە) تەنیا رۆبۆتێک نییە، بەڵکو ناسنامەیەکی کولتووریی پێدراوە. ناوەکە خۆی نازناوێکی باوی کەنداوە (کونیە) کە بە شێوەیەکی کولتووری بە پیاوێک دەگوترێت کە ناوی راشد بێت.
ئەو تەنیا ئامێرێکی تاقیگە نییە، بەڵکو بووەتە کەسایەتییەک کە هەژماری ئینستاگرامی خۆی هەیە و رێگەی پێدراوە بە تەنیا بەنێو شەقامەکاندا بگەڕێت.
زیاتر لە 100 لەم جۆرە رۆبۆتە لەلایەن زانکۆکانی ئیماراتەوە بۆ توێژینەوە لەسەر کارلێکی نێوان مرۆڤ و رۆبۆت کڕدراون و هەندێکیان وەک شوێنەوارێکی کولتووری لە مۆزەخانە دانراون.