رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، لە ئەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لەنێوان هەولێر و باکۆ، هەروەها بەغدا و تونس دەستپێدەکەن، ئەوەش دوای نزیکەی سێ مانگ لە داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 28-05-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق لەنێوان هەولێر و باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دەستپێدەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد "هەفتانە یەک گەشتی ئاسمانی لەنێوان ئەو دوو شارەدا دەکرێ."
سەبارەت بە گەشتەکانی دیکەی هێڵەکە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی: "هەر ئەمڕۆ یەکەم گەشتی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لەنێوان بەغدا و تونس-ی پایتەختی تونس دەستپێدەکات، ئەمەیش بە هەمانشێوە هەفتانە یەک گەشت دەبێت."
دەستپێکردنی ئەم گەشتە نێودەوڵەتییانە لە کاتێکدایە، لە 28ـی شوباتی 2026دا بەهۆی سەرهەڵدانی جەنگ لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاسمانی عێراق بە تەواوی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا. دوای 40 رۆژ لەو بارودۆخە، ئاسمانی وڵات کرایەوە و ئێستا هێڵە ئاسمانییەکان بەرە بەرە گەشتە ئاساییەکانیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەستپێدەکەنەوە.
