رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران باس لەوە دەکات، رەشنووسی لێکتێگەیشتنە کاتییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا 11 تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت و دەڵێت، "راگرتنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە بەرامبەر زیادنەکردنی گەمارۆکان، پابەندبوون بە دروستنەکردنی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە، دروستکردنی پێکهاتەیەکی جێگەی رەزامەندی هەردوولا سەبارەت بە چارەنووسی یەدەگی یۆرانیۆم و پیتاندن لە رێککەوتنی کۆتاییدا"، لەو تەوەرانەن.
مەیسەم زوھوریان، نوێنەری مەشهەد لە پەرلەمانی ئێران و سکرتێری لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، سەبارەت بە پوختەی تەوەرەکانی رەشنووسی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتن، شەوی چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، لە رەشنووسەکەدا، لادانی گەمارۆی دەریایی لەماوەی 30 رۆژدا و چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران، ههروهها کردنەوەی تەنگەی هورمز لەماوەی 30 رۆژدا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئاماژەیان پێکراوە.
زوھوریان نووسیویەتی، پێدانی بەڵێنی تەرخانکردنی 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوە بە کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی و کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان لە خشتەیەکی کاتیدا، بەشێک لە خاڵەکانی رەشنووسی لێکتێگەیشتنەکە پێکدەهێنن.
سکرتێری لیژنەی ئابووریی پەرلەمان هەروەها دەڵێت، پابەندبوونی ئێران بە دروستنەکردنی چەکی ئەتۆمی و دروستکردنی پێکهاتەیەکی جێگەی رەزامەندی هەردوولا سەبارەت بە چارەنووسی یەدەگی یۆرانیۆم و پیتاندن و هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رێککەوتنی کۆتاییدا، لە رەشنووسەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.
بە گوتەی مەیسەم زوھوریان، پوختەی تەوەرە سەرەکەییەکانی رەشنووسی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بەم شێوەیە:
- راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەوانەش لە لوبنان و بەکارنەهێنانی هێز دژی یەکدی.
- رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی.
- بەندکردنی رێککەوتنی کۆتایی بە ماوەی 60 رۆژ کە شایەنی درێژکردنەوە بێت بە رەزامەندی هەردوولا.
- لادانی گەمارۆی دەریایی لەماوەی 30 رۆژدا و چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران (دەوروبەری ئێران پێناسە نەکراوە).
- کردنەوەی تەنگەی هورموز لە لایەن ئێرانەوە لەماوەی 30 رۆژدا.
- بەڵێنی بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئێران لە ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی.
- کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان لە خشتەیەکی کاتیدا لە ئەگەری رێککەوتنی کۆتاییدا.
- دروستنەکردنی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە و دروستکردنی چوارچێوەیەکی جێگەی رەزامەندی هەردوولا سەبارەت بە چارەنووسی یەدەگی یۆرانیۆم و پیتاندن و هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە لە رێککەوتنی کۆتاییدا.
- راگرتنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە بەرامبەر زیادنەکردنی گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە لە ماوەی دانوستاندنەکاندا.
- بەخشینی فرۆشتنی نەوت و پێترۆکیمیاوی ئێران و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان
- ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران بە شێوەیەکی پلە بە پلە لە لایەن ئەمریکاوە لە ئەگەری بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکاندا.
مەرجەکانی ئێران لە زاری تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانەوە
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانیش، شەوی چوارشەممە لە راپۆرتێکدا، مەرجە سەرەکییەکانی ئێرانی بۆ ئەگەری هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا لە قۆناخی یەکەمدا بڵاوکردەوە.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، رەشنووسی لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتن، پابەندبوونی ئەمریکای بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە کەنداو تێدایە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئێران لەم قۆناخەی گفتوگۆکاندا حەوت مەرجی بنەڕەتی بۆ هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا خستووەتەڕوو کە بەم شێوەیە:
- کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکانی شەڕدا.
- چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران.
- پابەندبوونی ئەمریکا بە دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی ئێران.
- لادانی سەرجەم گەمارۆکانی سەر ئێران.
- ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.
- پێدانی قەرەبوو بۆ ئاوەدانکردنەوە بە بەهای لانیکەم 300 ملیار دۆلار.
- بەڕێوەبردنی هاتوچۆدەریاییەکان؛ لەگەڵ جێگیرکردنی دەسەڵاتی ئێران لە تەنگەی هورمز.
بەڵام کۆشکی سپی بە تووندی وەڵامی دایەوە و راپۆرتەکەی بە "درۆیەکی تەواو" وەسفکرد و رایگەیاند: "نابێت کەس باوەڕ بەوە بکات کە میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی دەکاتەوە."
سەردانی قالیباف بۆ قەتەر بۆ ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار بووە
هاوکات سەعید ئاجورلو، ئەندامی تیمی راگەیاندنی نزیک لە شاندی دانوستاندنکاری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی ئەم وڵاتەدا رایگەیاند، سەردانی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران بۆ قەتەر لەم هەفتەیەدا، لەبارەی ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران بووە و سەردانەکە سەرکەوتوو بووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، سەعید ئاجرلو گوتوویەتی، بەپێی ئەو پێشکەوتنە تەکنیکییانەی کە لە قەتەر هاتوونەتە ئاراوە، بڕیارە دەستبەجێ دوای پشتڕاستکردنەوەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران بخرێتە بەردەستی بانکی ناوەندیی ئێران.
بەپێی ئەم راپۆرتە، "لە نێوەرۆکی لێکتێگەیشتنەکەدا چەند هەنگاوێکی بەرجەستە جێگیرکراون کە یەکێکیان خستنەبەردەستی داراییە بلۆککراوەکانی ئێرانە، بابەتی دووەم لێخۆشبوون لە گەمارۆ نەوتییەکان، پێترۆکیمیایی و پێکهاتەکانییەتی لە ماوەی لێکتێگەیشتنەکەدا. هەنگاوێکی دیکە لادانی گەمارۆی دەریاییە، کە ئەگەر ئەم هەنگاوانە لە لایەن ئەمریکاوە جێبەجێ بکرێن، ئێمە دەچینە قۆناخی دووەمەوە. ئەگەرنا هیچ متمانەیەک بۆ چوونە ناو هەنگاوەکانی داهاتوو نابێت."
.jpg&w=3840&q=75)