رووداو دیجیتاڵ لە هێرشێکی هێزە سەربازییەکانی ئێران بۆ سەر ماڵێک لە ناوچەی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان، دوو برا کوژران. سەرچاوەیەک لە پارێزگای کرماشان بە رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی چووەتە گوندی قەڵا کاوەش لە ناوچەی داڵاهۆ و تەقەیان لە ماڵێکی گوندەکە کردووە. بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە ئەنجامی تەقەکردنەوە دوو برا بە ناوەکانی (مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی) کوژراون. رێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە کوژرانی ئەو دوو برایە دەڵێت، مەیسەم و موجتەبا ویسی کوردی یارسانن و دانیشتووی گەڕەکی دەرەدرێژن لە کرماشان. لە دوای خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری 2025 ئەو دوو برایە لە ترسی ئەوەی دەستگیر بکرێن، بە نهێنی دەژیان. بە گوتەی رێکخراوی هەنگاو، ئەو دوو برایە رۆڵیان هەبوو لە رێکخستن و بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان بەرامبەر بە دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار لە گەڕەکی دەرەدرێژی کرماشان. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ئەو دوو برایە ماوەیەک بوو لە گوندی قەڵا کاوەش لە ماڵی هاوڕێیەکیان بە نهێنی دەژیان. ئەم بەیانییە هێزێکی ئەمنی دەچێتە گوندەکە و بەبێ ئاگاداری پێشوەختە تەقە لە شوێنی مانەوەیان دەکات و لە ئەنجامدا هەر دوو براکە گیانیان لەدەست دەدەن. هیچ زانیارییەکش لەبارەی خاوەنی ماڵەکە بە ناوی (فەرشاد حاتەمی پوور) نازانرێت. موجتەبا وەیسی لە 15ـی رەشەممەی ساڵی 1404 (سەرەتای مانگی ئاداری 2024) لە کاتی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی نەورۆز لە یەکێک لە پارکەکانی شاری کرماشان دەستگیرکرا. رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا رایگەیاند، موجتەبا دوای 24 رۆژ دەستبەسەرکردن بە دانانی بارمتەی 700 ملیۆن تمەن ئازاد کرا. مەیسەم وەیسی، پێشتر چەندین جار بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندانی گەڕەکی زۆرینە یارسان نشینی دەرەدرێژی کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. موجتەبا وەیسی لە پەیامێکی دەنگی کە بۆ هاوڕێیەکی لە دەرەوەی وڵات ناردوویەتی دەڵێت، ئەوە ئەرکی سەرشانی هەموومانە کە بۆ نەتەوە و ناسنامەی خۆمان شەڕ بکەین کە ساڵانێکی زۆر هەموو شتێکمان لەنێو فارس و ئێرانییەکان دا تواونەتەوە. هەموو مرۆڤێکی ئازاد دەبێت لەم رێگەیە خەبات بکەن. تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی پارێزگای کرماشان لەبارەی کوژرانی ئەو دوو برایە هیچ روونکردنەوەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.