رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تووندی سەرکۆنەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا بەرامبەر شانشینی عومان دەکات و دەڵێت، ئەو هەڕەشانە "باجخوازییە" لە حکومەتێکی سەربەخۆ و پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
رۆژی هەینی، 29-05-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کاردانەوەی تووندی بەرامبەر لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا نیشان دا و رایگەیاند: "هەڕەشەکردنی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عوماندا، کە لە دوای هەڕەشەکانی پێشوویان بۆ «لەناوبردنی» ئەو وڵاتە دێت، جۆرێکە لە باجخوازی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هەڕەشانە نیشانەی "داڕووخانی ئەخلاقیی سیستمی حوکمڕانییە لە ئەمریکا" و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە رێگری بکەن لەوەی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ببێتە کارێکی ئاسایی.
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە دێت، رۆژی پێنجشەممە، 28-05-2026، ئێسکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ باڵیۆزی عومان لە واشنتن کۆبووەتەوە و هۆشداریی پێداوە کە نابێت عومان "هیچ پلانێکی بۆ وەرگرتنی باج" لە تەنگەی هورمز هەبێت.
بێسێنت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی گوتی: "بە باڵیۆزم راگەیاند کە ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و نابێت سەرکێشی بەوەوە بکەن کە هاووڵاتیان یان دامەزراوە داراییەکانی عومان بخرێنە لیستی سزاکانەوە."
گرژییەکانی نێوان واشنتن و مەسقەت دوای ئەوە تووندتر بوون کە رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا، هەڕەشەی سەربازیی ئاراستەی عومان کرد.
ترەمپ رایگەیاند: "تەنگەی هورمز بۆ هەمووان کراوە دەبێت و لەلایەن هیچ کەسێکەوە کۆنترۆڵ ناکرێت." سەرۆکی ئەمریکا لە هەڕەشەیەکی کتوپڕدا گوتی: "عومانیش وەک هەموو کەسێکی دیکە رەفتار دەکات، ئەگەرنا ناچار دەبین بیانتەقێنینەوە."
