رووداو دیجیتاڵ
لقی سووریای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پاڵپشتی لە بڕیاری تایبەت بە دابینکردنی ئەو بڕە ڤاکسینە کرد کە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی تەرخانکردووە.
رۆژی 19ی ئادار، ئاکجیمال ماگتیمۆڤا، بەرپرسی لقی سووریای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆڤاکسدا 912 هەزار ژەم ڤاکسینی جۆری ئەسترازێنیکا بۆ سووریا تەرخانکراوە و 90 هەزاری بۆ رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبێت.
ئەو گوتەیەی ماگتیمۆڤا کاردانەوەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆژئاوای کوردستان بەدوادا هات. 126 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەو ژەمە ڤاکسینەی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دابینکراوە زۆر کەمە و وادیار رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دابەشبوونی دانیشتوان و دابەشبوونی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری لەبەرچاو نەگرتووە.
لەو بارەوە تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندی بە نووسینگەی سووریای رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە کرد و ئەویش رایگەیاند، پشکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 136 هەزار ژەمە، نەوەک 90 هەزار.
نووسینگەی سووریای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی، "ژەمە ڤاکسین بۆ سووریا لەسەر بنچینەی دوایین خەمڵاندنی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان" و دابەشبوونی ئەو دانیشتوانە لە شوێنە جیاوازەکانی وڵات دابەشکراوە.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانج لە هەنگاوەکە بریتییە لە کوتانی "20٪ی خەڵکی سووریا پێش کۆتاییهاتنی مانگی دیسێمبەر".
رێکخراوەکان لە راگەیێندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەکردبوو، نزیکەی 5 ملیۆن کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەژین، بەڵام نووسینگەی سووریای تەندروستیی جیهانی دەڵێت، هەڵسەنگاندنەکەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەو جۆرەیە کە ئەو ناوچەیە 2 ملیۆن و 485 هەزار و 275 کەسی تێدا دەژین، کە دەکاتە 15٪ی دانیشتوانی سووریای دەرەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانەی لە تورکیاوە نزیکن.



