ئەم وێنەیەی من و شەهید شیفا یەک هەفتە پێش شەهیدبوونیەتی، رۆژی شەممەیە و من پاش مۆڵەتێکی دوو هەفتەیی یەکەم رۆژی دەوامم بوو، شیفا ئەو رۆژە خەفەر بوو، کاژێر چوار هات بۆ دەوام ، ئیدی وەک هەموو رۆژان کە دەهات بۆ دەوام هەندێ شۆخی لەگەڵ هاوکاران دەکرد، کە منی بینی گوتی مامۆستا ئەوە هاتیەوە، دەڵێم خوایە ئەمڕۆ ئێرە بۆ ئاوا رووناکە؟! کاک فەرمان ساڵحیش هەر بۆ شۆخی گوتی بۆ ئێمە تاریکمان کردبوو؟!
ئەم ئێوارەیە کاک مەمۆی بانگکرد هەندێ وێنەی بگرێ، گوتی وێنەیەکی من و مامۆستاش بگرە..
من و شیفا بەشەکانمان زۆر پەیوەندییان بەیەکترەوە هەبوو، بۆیە دەبوایە زۆرترین هەماهەنگی کارمان لەگەڵ یەکتر هەبووا، هەرواش بووین، هەماهەنگی زۆر، رێزێکی زۆریش لە نێوانماندا هەبوو!
ئەو ئێوارەیەی شیفا شەهید بوو، ئێمە هێشتا لە کۆبوونەوەی پلاندانان بووین، لە کۆبوونەوەکە پێشنیازێکی سیداد لەشکری پەیامنێری رووداو خرایەڕوو، کە ئەو رۆژە ئەویش لە موسڵ بوو، سیداد داوای کردبوو شەو لە موسڵ بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین دیمەنی موسڵ لە شەودا تۆمار بکات و هەم لەو رێوشوێنە قەلسکەرە رزگاری بێت، کە سوپای عێراق بۆ چوونە ژوورەوەی موسڵ بەرامبەر کەناڵەکانی راگەیاندن گرتبوویەبەر، بەڵام ئەو پێشنیازە لەلایەن کاک ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو رەتکرایەوە و گوتی گەرەنتی سەلامەتی پەیامنێرانمان لە موسڵ نییە و بۆ ئێمە سەلامەتی کارمەندانمان لە هەموو شتێک گرنگترە.
کاک ئاکۆ هەمیشە جەختی لەسەر ئەو خاڵە دەکردەوە، کە پەیامنێران نابێ لەبەرەی پێشەوەی شەڕبن، چونکە ئەوان میدیاکارن نەک سەرباز، بەداخەوە زۆرجار پەیامنێران لەکاتی رووماڵەکاندا، بەهۆی بوێری و حەماسەت و دڵسۆزییان بۆ کارەکەیان ئەو رێنماییەی بەڕێوەبەری گشتییان رەچاونەدەکرد، بەتایبەتیش شیفا گەردی، چونکە خۆی بەڕێوەبەر بوو، ورد و درشتی پلانەکەی نەدەهاتە بەشی پلان و خۆیشی زۆرجار لەگەرمەی رووماڵەکەدا بڕیاری بۆ خۆی و بۆ تیمەکانی دیکەی موسڵیش دەدا.
کۆبوونەوە تەواو بوو، تەلەفۆنێک بۆ کاک ئاکۆ هات، کاک ئاکۆ زۆر بە خێرایی لە نیوزگەزەرینگ چووە دەرەوە، کاک هێمن لهۆنیش بەدوایەوە رۆیشت، چی بوو؟ چی بووە؟ بووە پرسیاری هەمووان، گوتیان وابزانین هەواڵەکە پەیوەندی بە تیمەکانمانەوە هەیە لە موسڵ، گوتیان بۆمب بە تیمێکماندا تەقیوەتەوە، ئەو هەواڵانە وەک بروسکە بەخێرایی دەگوتران، تەلەفۆنم بۆ رەنجە جەمال کرد کە ئەو رۆژە ئەویش لە موسڵ بوو، رەنجە گوتی بۆمبێک بە تیمەکەی شیفادا تەقیوەتەوە و بەداخەوە شیفا شەهید بووە و یونسی وێنەگریش بریندارە!
هەرگیز ئێستا ناتوانم گوزارشت لەو کاتە بکەم، کە بەهۆی بیستنی ئەو هەواڵەوە تێیدابووم، قورگم وشک وشک ببوو، هەر دەتگوت چەند رۆژێکە ئاو نەچووەتە لەشم! هاوکارانم کە لەکاتی تەلەفۆنەکەدا چاوەڕوانی تەواوبوونی تەلەفۆنەکەیان دەکرد تاوەکو بەدروستی بزانن چی بووە، سەیریان کردم و پرسییان چی بووە؟ بە قورگی وشکەوە ، کە بە زۆر دەمتوانی قسە بکەم، گوتم شیفا شەهید بووە!
ئەو هەواڵە شۆکێک بوو هەموو کارمەندانی نیوزڕوومی گرتەوە، جگە لە هەنسکی گریان گوێت لە هیچی دی نەدەبوو، زۆربەیان گریان، ئەوەی دی وەک من سامگرتوو و بێدەنگ!
ئا لەم کاتەدا کاک ئاکۆ تەلەفۆنی بۆ کردم، بە گریانەوە گوتی راگەیێندراوی رووداو لەبارەی شەهیدبوونی شیفا بنووسە.. ئای کە قورس بوو! قورستر لە وەرگرتنی هەواڵەکە راگەیاندنی هەواڵەکە بوو، لەم کاتەدا لە نیوزڕووم جگە لە گریان و بێدەنگی شتێکی دی نەدەکرا، ناچار هێزم دا بە خۆم و راگەیێندراوەکەم نووسی، ئیدی هەموو پرۆسەکانی دواتریش قورس بوون، بۆ فوئاد رەحیمی بێژەر، کە ئەو کاتەدا لە ستۆدیۆ بوو بولتەنی کاژێر چواری پێشکەش دەکرد، کە پێمان گوت راگەیێندراوەکە بخوێنێتەوە، باوەڕی نەدەکرد، سیروان عەباس سێ جار پێم گوت تاوەکو بەپەلەی شەهیدبوونی شیفای خستە سەر شاشە.
هەموو هاوکارانی رووداو ئازیزن، بەڵام شیفا جێگایەکی زۆر تایبەتی هەبوو لای ئێمە، بەتایبەتی ئەوەی ئاگای لە ژیانی بووا، کچێک لەدایکبووی ئاوارەیی، کچە پێشمەرگە، لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەتدا بەسەر هەموو تەنگوچەڵەمەکاندا زاڵ دەبێ و کۆسپەکانی بەردەمی خۆی لادەبات، دەخوێنێ و پێدەگات و دەبێتە ئەستێرەیەکی شاشەی کوردی و لە گەورەترین دەزگای راگەیاندنی کوردی کە مۆرکێکی جیهانیشی هەیە، دەبێتە بەڕێوەبەری بەشێکی گرنگ ، ئەوانە ئاسان نین لە کۆمەڵگایەکی نەریتی وەک کۆمەڵگای کوردیدا، هەروەها وەک کەسایەتیش باوەڕبەخۆبوو، بە جولە و بزێو، روو خۆش، جیدی و دڵسۆزی لە رادەبەدەر بۆ کارەکەی.
رووماڵمان بەردەوامکرد، لە بولتەنی پێنج گوتیان دەبێ یەکێک لە ستۆدیۆ بێت قسە لەسەر رووداوەکە بکات، بەڵام کێ دەتوانێ؟ لەم کاتەدا کە هەمووان توشی شۆک بوونە کەس نایەوێ قسە بکات، کاک هەژار برنجی هات گوتی هەر دەبێ خۆت ئەوە بکەی، هەموو ئەوانە ئەو رۆژە بۆ من قورس بوون، تاوەکو درەنگانی شەو لە رووداو مامەوە، دوای ناشتنی تەرمەکەی، کاک هێمن عەبدوڵڵا هاتەوە رووداو و من رۆیشتم، کە لە رووداو چوومە دەرەوە ، ئیدی ئەوەی لە ناخی خۆم پەنگمدابووەوە و نەمدەویست لە نیوزرووم و لای کارمەندان بگریم، بۆئەوەی هێز بدەمە خۆم و ئەوان بۆ رووماڵی رووداوەکە، لە دەرەوە گریام، گریانێکی قوڵ!
هەموومان کاردانەوەکانی رووداوی شەهیدبوونی شیفامان بینی، بینیمان شیفا چۆن ببووە ئەندامی هەموو خێزانێکی کورد، بینیمان پێشمەرگە، گەنج ، پیر، ژن، پیاو، رۆژنامەڤان و هاونیشتمانی چەند کاریگەر بوون بە شەهیدبوونی شیفا، ئەوان کە لە شاشەی رووداوەوە شیفایان دەبینی وابوون، دەبێ چ کاریگەرییەکی لەسەر ئێمەی هاوکارانی رووداو هەبێ، کە رۆژانە بەیەکەوە کارمانکردووە.؟
شەهیدبوونی شیفا زیانێکی گەورەبوو بۆ رووداو، بۆ رۆژنامەڤانی کوردی، بۆ شاشەی کوردی کە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی لەدەستدا.
بیری دەکەم ، زۆر زۆر.
*بیستوون نووری بەڕێوەبەری ئینتەیکە لە تۆڕی میدیایی رووداو



