رووداو دیجیتاڵ
رێباز ئەحمەد، کتێبێکی رێبەری ژیریی دەستکردی بەناونیشانی (نیوەڕۆبۆت) چاپ و بڵاوکردەوە.
رێباز ئەحمەد، راهێنەر و راوێژکاری ژیریی دەستکرد، لەبارەی کتێبەکەیەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: نیوەڕۆبۆت، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی کولتووریی چۆمانە، لە چاپخانەی کارۆ، بە شێوازی رەنگاوڕەنگ چاپکراوە و "ئەزموونی زیاتر لە چوار ساڵ ئیشکردنمە لە بواری ژیریی دەستکرد."
دیزاینی بەرگ و ناوەوەی کتێبەکە بە ژیریی دەستکرد کراوە و رێبین خدر هەڵەچنی کردووە، هەروەها پێشەکییەکەی ژیریی دەستکردی (جێمینای) نووسیویەتی.
رێباز ئەحمەد لەبارەی ناونیشانی کتێبەکەیەوە گوتی: "ناوی کتێبەکە بە مانای ئەوە نییە کە ئێمە لە راستیدا دەبینە رۆبۆت، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە ئێمە ئیتر لە قۆناخی 'مرۆڤی تەنیا' دەرچووین و ژیریی دەستکرد بووەتە درێژکراوەی مێشکمان. کاتێک بەکاریدەهێنین، توانای بیرکردنەوەمان دەیان ئەوەندە زیاد دەکات. ئیتر ئێمە نە تەنیا مرۆڤین (وەک جاران) و نە تەنیا ئامێرین، بەڵکو تێکەڵەیەکین کە توانای ئەنجامدانی کارێکی ئەستەممان هەیە."
ئەو نووسەرە دەڵێ: "ئەم کتێبە بەرهەمهێنەران و میدیاکاران، دۆزینەوەی بیرۆکەی نوێ و خێراکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان، خوێندکاران و توێژەران، ئاسانکردنی لێکۆڵینەوە، پوختەکردنی زانیارییەکان، خێراکردنی فێربوون، بۆ پیشەواران و خاوەن کارەکان، بۆ گەڕانەوەی کات، رێکخستنی کارەکان و زیادکردنی بەرهەم، بۆ هەر کەسێک کە دەیەوێت لەم گۆڕانکارییەی خێرایەی تەکنەلۆژیا دانەبڕێت و کۆنتڕۆڵی داهاتووی خۆی بکات نووسراوە."
رێباز ئەحمەد خدر، لە ساڵی 1984 لە هەولێر لەدایکبووە. خەڵکی گوندی مێرگەیەی دەڤەری باڵەکایەتییە، بڕوانامەی کۆلیژی کشتوکاڵی هەیە و ئەندازیاری پێشکەوتووی کشتوکاڵە کە پسپۆڕیی سەرەکی لە زانستی خاک و ئاودا بەدەست هێناوە.
سەرەڕای بڕوانامەی ئەکادیمی لە بواری کشتوکاڵ، ئەو خولیایەکی قووڵی بۆ تەکنەلۆژیا هەبووە کە وای لێکردووە بەرەو ئەم بوارە هەنگاو بنێت و لە بواری کشتوکاڵ دوور بکەوێتەوە.
رێباز لە ساڵی 2003وە دەستی کردووە بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سەرەتای گەشتە دیجیتاڵییەکەی دەستپێکردووە. پاشان لە ساڵی 2009 بە شێوەیەکی فەرمیتر دەستی بە کارکردن لە بواری میدیای دیجیتاڵ کردووە، کە ئەمە سەرەتای گۆڕانێکی گەورە بوو لە ژیانی کاری ئەودا.
لە ساڵی 2015دا، رێباز پەیجی (مەیکەنەوە)ی دامەزراند کە بووە هۆی ناوبانگی ئەو و بەدەستهێنانی خەڵاتی تایبەت لە تۆڕی میدیایی رووداو. ئەم سەرکەوتنە بووە هەوێنی پێشکەوتنی زیاتری لە دنیای دیجیتاڵدا.
لە ساڵی 2021ەوە وەک راهێنەری بواری گرافیک دیزاین و سۆشیالمیدیا دەستی بەکار کردووە. لە نێوان ساڵانی 2021-2025، توانیویەتی زیاتر لە 500 فێرخواز لە خولەکانیدا رابهێنێت.
لە ساڵی 2022وەوە، چووەتە ناو بواری ژیریی دەستکرد (AI) و دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی فێرکاری و زانیاری لەم بوارەدا. لە ساڵی 2025ەوە بووەتە راهێنەر و راوێژکاری بواری ژیریی دەستکرد و ئێستا خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری "کوردیا ئەی ئای"ـە، کە یەکەم میدیای کوردییە تایبەت بە بواری ژیریی دەستکرد.



