رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر و لە ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی شێوەکار قەرەنی جەمیل، پێشانگەیەکی تایبەت بە بەرهەمەکانی لە گەلەریی میدیا کرایەوە و بۆ یەکەم جار 22 تابلۆی نەبینراوی هونەرمەند نمایش کران و پێشانگەکە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
پێشانگاکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شێوەکاری و کاردەستیی هەولێر رێک خرابوو.
مونا مەحموود، هاوژینی هونەرمەند قەرەنی جەمیل، بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند، "ئەو تابلۆیانەی لێرە نمایش کراون، کە بەرهەمی نێوان ساڵانی 1988 بۆ 1996ن، گوزارشت لە قۆناخێکی گرنگی ژیانی هونەریی قەرەنی دەکەن. ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە کردنەوەی ئەم پێشانگەیە ئەوەیە کە ویستمان هونەرەکەی بە زیندوویی بمێنێتەوە و ببێتە سەرچاوەیەکی ئیلهام بۆ قوتابیانی هونەر و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە."
لە کاتی کردنەوەی پێشانگەکەدا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان ئامادەی بوون، هاوژینی ئەو هونەرمەندە گوتی، "کاتێک ئەو پێشوازییە گەرم و جۆش و خرۆشەی ئامادەبووانم بینی، هەستم کرد قەرەنی جەمیل هێشتا زیندووە و لە رێگەی تابلۆکانییەوە پەیامی خۆی دەگەیێنێتە نەوەکانی داهاتوو و بەردەوامە لە گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا."
مونا مەحموود گوتیشی، چەندین تابلۆی دیکەی نەبینراوی هونەرمەند لە بەردەستیاندایە و لە داهاتوودا بەپێی پلانێکی دیاریکراو و لە بۆنەی گونجاودا، ئەو بەرهەمانەش بڵاو دەکەنەوە بۆ ئەوەی میراتی هونەریی قەرەنی جەمیل بە تەواوی بگاتە دەستی خەڵک.
قەرەنی جەمیل، هونەرمەند و شێوەکاری بەناوبانگ و دیاری کورد، رۆژی 3-6-2024 بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکانەوە لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دوایی کرد.
