رووداو دیجیتاڵ
ئێرە (جادا رەزا - سەبۆ سیتی)یە لە سەنتەری شاری ئاکرێ. یەکێکە لەو شوێنە فێنک و گەشتیارییانەی خێزان و گەنجان لە نێوخۆ و دەرەوەی شارەوە رووی تێدەکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و بینینی دیمەنی جوان.
ئەم رێڕۆ ئاوییە بەنێو شوێنە گەشتیارییەکەدا دەڕوات، پڕبووە لە پاشماوەی پلاستیکی و دەبە ئاو. هەرچەندە سەبەتەی خۆڵ بە درێژایی شەقامەکە دانراون، بەڵام بەشێکی گەشتیاران پاشماوەکانیان فڕێدەدەنە نێو رێڕۆ ئاوییەکەوە.
خاوەن کافتریایەک بە رووداوی راگەیاند: "هەفتانە لەسەر گیرفانی خۆمان چەند کرێکارێک بەکرێ دەگرین و شەقامەکە پاکدەکەینەوە، شارەوانیش بە جیا هەمان کار دەکات، بەڵام خەڵک پابەندی پاکڕاگرتنی ژینگە نییە."
بۆ بەشێکی زۆری ئەو گەشتیارانەی لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی و تەنانەت نێوەڕاست و خوارووی عێراقیشەوە روو لە ئاکرێ دەکەن، سەبۆ سیتی یەکێکە لەو وێستگانەی سەردانی دەکەن و لێرە دۆندرمەی بەنێوبانگی ئاکرێ، قەلیەی ئاکرێ و چەندین شتی دیکە تاقیدەکەنەوە.
