رووداو دیجیتاڵ
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لەهەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ فۆکس نیووزی ئەمریکی، تیشکی خستە سەر دۆخی تەنگەی هورمز، گەمارۆکانی سەر ئێران، کێشەی پاڵاوگەکانی ئەمریکا و پێداویستیی وزە بۆ ژیریی دەستکرد. رایت ئاماژەی بەوە کرد، هەناردەی نەوت لەتەنگەی هورمزەوە ئاستی پێش قەیرانەکانی تێپەڕاندووە و واشنتن بەهیچ جۆرێک رێگە نادات تاران بگاتە چەکی ئەتۆمی.
کریس رایت لەهەڤپەیڤینەکە دا کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ هەڵوێستێکی یەکلاییکەرەوەی هەبووە، کاتێک دووپاتی کردووەتەوە کە نابێت ئێران دەستی بەچەکی ئەتۆمی بگات و هەرگیز بەدەستیشی ناهێنێت."
وەزیری وزەی ئەمریکا گوتی: "هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا دەستەبەری ئەوەیان کردووە کە رێڕەوی هەناردەی نەوت، گاز، بەرهەمە پاڵێوراوەکان و تەنانەت پەیینیش لەتەنگەی هورمزەوە دەستپێبکاتەوە. رۆژێک لەهەفتەی رابردوو دا زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەتەنگەکە دا گوێزرایەوە کە لەئاستی پێش جەنگەکەش زیاترە؛ هەروەها ئێستا تێکڕای رۆژانە نزیکەی 13 ملیۆن بەرمیلە. کەواتە نەوت و گاز لەهورمزەوە دەردەچن و کێشەی سەرەکیی ئێستای نرخ پەیوەستە بەتوانای پاڵاوتن."
رۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بەمووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. لە 2ـی ئاداریشەوە، ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکان تەنگەی هورمزی داخست.
لە 14ـی تەممووزەوە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران دا سەپاندووەتەوە، دوای ئەوەی لەمانگی نیسان دا ئەو هەنگاوەی نابوو. بەگوێرەی سێنتکۆم، "تاوەکو 25ـی ئەیلوول، هێزەکانی سێنتکۆم رێڕەوی 122 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە تاوەکو دڵنیاببنەوە لەپابەندبوونی تەواوەتییان" بەو گەمارۆیەی بەسەر بەندەرەکانی ئێران دا سەپێندراوە.
کێشەی پاڵاوگەکان و رێگرییە یاساییەکان لەئەمریکا
سەبارەت بەوەی بۆچی لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا پاڵاوگەی زیاتر دروست نەکراون بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، کریس رایت ئاماژەی بەکۆتوبەندە یاساییەکانی پێشوو کرد و گوتی: "دروستکردنی پاڵاوگە ئەستەم بووە، ئەوەش بەهۆی دەستوەردانی زۆری حکومەت کە وەک خراپە سەیری وزەی دەکرد کە دەیویست پاڵاوگەکان دابخات و لەشوێنی دیکەوە سووتەمەنی هاوردەی بکات."
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ترەمپ کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیاسەتە دەکات و گوتی: "ئیدارەی ترەمپ خاوەن بڕیاری بوێرانەیە و رێگرییەکان لەبەردەم کەرتی کار لادەبات، لەوانە کۆتاییهێنان بەقەدەخەی هەناردەکردنی گازی سروشتی، راگرتنی داخستنی وێستگەکانی خەڵووز، ئاسانکاری بۆ بنیاتنانی وێستگەی کارەبا و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەناوچە فیدراڵییەکان، دەریای ئەمریکا و ئالاسکا."
پێداویستیی وزە بۆ ژیریی دەستکرد و سەنتەرەکانی داتا
لەبارەی ئەو وزە زۆرەی کە ژیریی دەستکرد و سەنتەرەکانی داتا لەدەیەی داهاتوو دا پێویستیان پێیەتی، کریس رایت رایگەیاند، تەنیا رێگە بۆ بەهێزکردنی ئەمریکا بریتییە لەبەرهەمهێنانی وزەی زیاتر و زیاترکردنی سەرچاوەکانی وزە.
رایت گوتی: "ئەگەر بمانەوێت پیشەسازی بگەڕێنینەوە بۆ ئەمریکا و پێشەنگی لەچین ببەینەوە لەبواری ژیریی دەستکرد، پێویستمان بەدەیان و رەنگە سەتان گێگاوات لەتوانای نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا هەبێت."
وەزیری وزە ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدارەی ئەمریکا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەم بوارە خستووەتەگەڕ و گوتی: "لەدەیان ساڵی رابردوو دا وێنەی نەبووە کە بەم قەبارەیە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەقۆناخی دروستکردن دا بن. گازی سروشتی گەورەترین سەرچاوەی کارەبامانە، لەهەمان کات دا وێستگە ئەتۆمییەکان دەخەینەوە گەڕ و وێستگەی نوێی ئەتۆمی دروست دەکەین، لەگەڵ پەرەپێدانی خێرای وزەی گەرمیی زەوی."
.jpg&w=3840&q=75)

