لە تەممووزی 2023، بابەتێکم نووسی بەناوی (دوایین هۆشداری ئەمریکا بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە)، ئەوکات بابەتەکە کاردانەوەی زۆری هەبوو، بەڵام پێدەچێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان، ئەو هۆشدارییەیان بە جیدی وەرنەگرتبێت؛ ئەوانەی بابەتەکەیان خوێندووەتەوەو لەبیریان ماوە، دەزانن لەو نووسینەدا، رێک باسی ئەمڕۆمان کردووەو ئەوەی ئێستا دەبینین روودەدات، لەوێ هۆشداریمان دابوو، ئەو بابەتەمان لە رووداو ماوەو، دەتوانن جارێکی دیکە بیخوێننەوە، ئەگەر حەزتان کرد.
ئەم بابەتەی ئەم جارەش دەنووسم، تێکەڵەیەکە لە زانیار و شیکردنەوەی خۆم، پشتم بەستووە بەو زانیاری و گفتوگۆیانەی بە ئاشکرا و لە پشت چاوی کامێراکان و لە گفتوگۆ تایبەتەکانمدا وەرمگرتوون، هیوادارم بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و روونتریش پارتی و یەکێتی باش ئەم بابەتە بخوێنەوەو بە جیدی وەریبگرن، بەلامەوە گرنگ نییە، کێ ئەم نووسینەی منی بەدڵە یان کێ بەدڵی نییە، لە بەرژەوەندی کێدایە و لە دژی بەرژەوەندی کێ یە، ئەوەی گرنگە بەلای منەوە، داهاتووی گەلەکەم و پێگەکەیەتی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و روونتریش لە واشنتن.
دەبێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان، زۆر بە باشی لە کات و ساتی رووداوەکان و هەلومەرجە سیاسییەکان تێبگەن، هەنگاوی جیدی بنێن تاوەکو پارێزگاری لەوە بکەن کە هەمانە و ئەو شتانەش بەدەستبێنین کە دەمانەوێن. دەبێ بزانن، یەکدی تۆمەتبارکردن و پێداگرتن لە زەوی و بە تەنیا رێکردن دادی دەردی کورد نادات. شکۆی کورد و مێژووی کورد و قوربانیدانی کورد، بە قسە و درووشم و بەیاننامەی بریقەدار ناپارێزرێت، بە کردەوە و بە قوربانیدانی سیاسی و سازشکردن بۆ یەکەدی و پێکەوە بەرەنگاربوونەوەی کێشە و ئاستەنگە گەورەکان دەپارێزرێت.
دڵنیاتان دەکەمەوە، ئەگەر بەم شێوە خۆخۆرییە بەردەوامبین، لەجیاتی بەرەوپێشچوون، دەبێت بگەڕێینەوە قۆناخی قوربانیدانی گەورە و ئەگەر لە سفریش دەست پێنەکەینەوە، دەبێت لە پێش سفر دەستپێبکەینەوە.
لێڵبوونی وێنەی کورد لە واشنتن
ئەگەر چەند ساڵێک بەر لە ئێستا باسی کوردت لە واشنتن کردبووایە، گوێت پڕدەبوو لە پەیڤی جوان و رازاوە، کورد قارەمانی شەڕ و دۆستی بەهێزی ئەمریکابوون لە ناوچەکە، بەغدا شەقامەکانی هەموو گوڵڕێژکردبا، هەولێر هەر دۆستە نازدارەکەی واشنتن بوو لە عێراق، بە دەگمەن کەسێکت دەبینی گلەیی لە کورد و سیاسەتی کورد لە واشنتن بکات، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین، یان باسی کورد هەر ناکرێت، یاخود کە باس دەکرێت، هەندێکیان رەخنەمان لێدەگرن و ئەوانەش کە بە باشە باسمان دەکەن، بە دەنگی نزم باسمان دەکەن، یانیش شتێکیان لەبارەی کوردەوە لە مێشکدا چەقیوە و هەر ئەوە دووبارە دەکەنەوە.
ئەمە زانیارییە، لەم دواییە شۆکبووم کە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و تەنانەت ئەندامێکی کۆنگرێسیش گفتوگۆم دەکرد. من پێشتر راهاتبووم، هەر کە بڵێم کوردم و خەڵکی هەرێمی کوردستانم، ئیدی بە شان و باڵماندا هەڵبڵێن، بەڵام لەم دواییە ئیدی هێندە گوێم لە گلەیی دەبێت، هێندە گوێم لە نالۆجیکی بوونی کورد لە بەغدا و واشنتن دەبێت، گوێم لەو شتە باشانە نابێت کە پێیان راهاتبووم، ئێستا وێنەی کورد لە واشنتن خەریکە لێڵ دەبێت و بەوشێوەیە بڕوات، ئیدی لێڵییەکەش بەتەواوی دەشێوێت و هەر نامێنێت، بەڵام هێشتا دەرفەتێکی زۆر ماوە تاوەکو کورد پەڕۆکێک بە شووشەی سەر ئەو وێنەیەدا بهێنێت و روونی بکاتەوە. ئەگەر ئەوە نەکەن، دەبێ چەند ساڵێکی دیکە بگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەکەم.
هەر قسەی گەورە ناکەم، بەڵکو بەشێکی هۆکارەکانتان بۆ باس دەکەم، ئەوانەی کە باسیان دەکەم بەشێکی قسەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکان، قسەی دۆست و دڵسۆزانی کوردن، کە هەر ئەم هەفتەیە یەکێک لەو بەرپرسانەی ئەمریکا کە زۆر دڵسۆز و دۆستی کوردە، گوتی تکایە ئەو پەیامەم بگەیێنە بەرپرسانی کوردستان ''حکومەت پێکبێنن و سازش بۆ یەکتر بکەن، پەرلەمان کارابکەنەوە و لەوە زیاتر زیان بە قەوارەکەتان نەگەیێنن''. ئاممان گوێیان لێبگرن، با ماڵمان وێران نەبێت.
خەتای من نییە، ئەی خەتای کێیە؟
لەم ماوەیەدا، بۆ چەند پرسێکی پەیوەست بە کورد و کوردستان، چوومە کۆنگرێس، دەمویست لێدوان لە ئەندامانی کۆنگرێس وەربگرم، باوەڕبکەن یەک ئەندامیشم نەدۆزیەوە ئاگاداری پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە کوردستان بێت، گەڕام بە دوای ئەو ئەندامانەی کە لە گرووپی دۆستایەتی کوردن لە کۆنگرێس، بە دۆکیومێنت و ڤیدیۆ لەلامە، یەک ئەندامیشم نەدۆزییەوە ئاگاداری ئەوەبێت چی لە کوردستان دەگوزەرێت، هیچ ئەپدەیتێکی پرسی کورد و کێشەی کوردیان لەلانەبوو، لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر ناوچەکەی ئێمەبوون.
ئەو گرووپی دۆستایەتییەی کورد کە لە ساڵی 2008 لە کۆنگرێسی ئەمریکا دامەزراوەو نزیکەی 30 ئەندامی هەبوو، ئێستا کەس نازانێت چەند ئەندامی ماوەو ئەو گرووپە ماوە یان نا، دەبێت ئەوەش بڵێم: ساڵانە ملیۆنان دۆلار لە هەرێمی کوردستانەوە بە ناوی لۆبی و بایەخدان بە پرسی کورد دێتە واشنتن و خەرج دەکرێت، ئەمەش ئەنجامەکەیەتی.
لەم دواییەدا، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە پێیگوتم، دەزانی کوردی هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن چەند گرووپێکی جیاوازەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، هەر گرووپێکیان بە جیا دێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسەکانی دیکە کۆدەبێتەوە، هیچ لایەکیشیان حەزناکات لاکەی دیکە بزانێت بۆ هاتوون و باسی چی دەکەن، نە نوێنەرایەتی نوێنەرایەتی هەموولایەک دەکات، نە ئەوانیش نوێنەرایەتی کوردستان دەکەن، لە کۆبوونەوەکانیش هێندە هەوڵی جوانترکردنی لایەنەکەی خۆیان دەدەن، هێندە خاوەن ڤیژن و بەرنامەی هاوبەش نین، دەزانن گوتی چی، گوتی: وادەزانن وەزارەتی دەرەوەو حکومەتی ئەمریکا گەمژەن و هیچ نازانن؟ ئەمە جاری یەکەم نییە کە ئەم قسەیەم گوێ لێدەبێت، بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوە، چونکە لە حکومەت نەماوە، روونتر قسەی بۆ کردم و بە سەرسامییەوە گوتی، دەزانی یەکێک لەو گرووپانە کە هاتن لەگەڵمان کۆبوونەوە، پێیگوتین، با ئەوانی دیکە نەزانن کۆبووینەتەوە. لە کوێی دونیادا ئەمە هەیە، کام وڵاتی بێسەروبەر ئەمە دەکات، ئەی هاوار بۆ وادەکەن، خەتای هەمووتانە، خەتای یەکێتی و پارتی یە، خەتای بەرپرسانی یەکێتی و پارتی یە. ئەم رەفتارە بەردەوامبێ، دڵنیابن قوڕ دەگرنەوە بۆ میللەتەکە و دەبێت لە کۆتایشدا هەر قوڕ بپێوین، کەستان براوەنابن، هەمووتان دەدۆڕێن.
چارەسەر ئاسانە، نوێنەرایەتییەک بنیاد بنێن، نوێنەرایەتی هەمووتان بکات، هەموو دوو ساڵ، دوو ساڵ کەمە، چوار ساڵ جارێک نوێنەر بگۆڕن، دەزانم ئێمە ناتوانین وەک باڵیۆزی وڵاتان کەسێک لە کوردستان بنێرین، بەڵام ئەو ئەمریکایە بەشی 50 ساڵی دیکە کوردی زیرەک و لێهاتووی لێ یە کە خاوەن وڵاتینامەی ئەمریکی و مۆڵەتی کارکردنن لە ئەمریکا کە بتوانێت بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی کوردستان بکات. بۆچی دەبێت دەیان ساڵ یەک دوو کەس لە هەمان پۆست بن. ئەگەر پرسەکە دۆزی کوردە، خەڵک زۆرە، بەڵام ئەگەر متمانە و کەسانی دڵسۆز بۆ لایەن و کەسێکە ئەوەیان خۆتان باشتر دەزانن.
حکومەت لە بەغدا – حکومەت لە هەولێر
بە کورتی لەسەر حکومەت لە کوردستان دەنووسم، چونکە ئاسانە. دڵنیابن، بەرپرسانی واشنتن زۆر بێزارن لەو رەفتارەتان کە حکومەتی نوێ دروستنەکراوە و پەرلەمانی کوردستان کارا نییە، بۆ واشنتن گرنگ نییە کێ هۆکارە، ئەوەی ئەوان دەیبینن و دەیزانن، کوردستان بێ پەرلەمانە و حکومەتی نوێی پێکنەهێناوە، هەر رۆژێک زیاتر دوای بخەن، زیانی زیاترتان بەر دەکەوێت، با کەس دڵی بەوە خۆش نەبێت، بەرپرسێکی ئەمریکی بە رووخۆشییەوە دوو قسەتان بۆ دەکات و وانیشاندەدات زۆر دۆستە، ئەمە کولتووری ئەم وڵاتەیە، دڵنیابن، کە دێتە سەر حیساب و کیتاب، واشنتن ئەوە دەکات کە پێی راستە، نەک ئەوەی کە ئێوە پێتان خۆشە. ئەمریکا چیدیکە خۆی بە بونیادنانی کوردستانێکی بەهێزەوە سەرقاڵ ناکات، ئەو وزەیەی لە هەولێر خەرجی دەکات لە بەغدا بەکاری دەهێنێت، بەڵگەی روونیش ئەوەیە، ئەگەر ویستبایان، دەیانتوانی تۆم باراک و یەک دوو کەسی دیکە راسپێرن، کێشەی سلێمانی و هەولێر چارەسەر بکەن و پەرلەمان کارابکەنەوە و حکومەت پێکبێت، کە قسە ناکەن، خۆی پەیامە و پێویستە لێیی تێبگەین.
سەبارەت بە حکومەتی عێراق، ئەمریکا و ئەم ئیدارەیەش دەیەوێت، کورد بە روانگەیەکی هاوبەش و بە بەهێزی لە بەغدا بێت و نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی کوردستان و دواتریش ئەمریکا بکات لە بەرامبەر بەرژەوەندی وڵاتانی دیکە. بێزارن لە زۆر رەفتاری کورد لە بەغدا، دەیانەوێت پارتی و یەکێتی هەبوونیان لە بەغدا زیاتر بکەن، بەهێزی کورد لە بەغدا، کلیلی بەهێزی کوردە لە هەرێمی کوردستان، بیانووگرتن و هەموو رۆژێک داواکاری و سکاڵاکردن لە بەغدا چارەی دەردی کورد لە واشنتن ناکەن، ئەمریکییەکانیش بێزاربوون لە قسەکانی کورد سەبارەت بە بەغدا، دڵنیاتان دەکەمەوە، ئەمریکا گوێ لە بەغدا و لە هەولێریش دەگرێت و باشیش دەزانن لە کوێدا حەقی کام لایە، بۆیە کاتێک دێتە سەر ئەم پرسە، یەکەم خۆتان لە بەغدا بەهێز بکەن، ئامادەییتان زیاتر بکەن، دووەمیش، لۆجیکی و راشناڵ بن، چارەسەر زیاد بکەن و گلەیی کەم بکەنەوە، کلیلی بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەدەستی کورد خۆیەتی نەک بەغدا و واشنتن، ئەم ئیدارەیەش دەیەوێت کورد خۆی لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا بگونجێنێت و نیشانیبدات، پارێزەری بەرژەوەندییەکانی واشنتنە، نەک واشنتن بە کێشەکانی خۆیەوە سەرقاڵ بکات. بۆیە تکایە ئەگەر لە هەولێریش پێکەوە دانانیشن، لە بەغدا پێکەوە دابنیشن و سازشی گەورە بۆ یەکدی بکەن.
ئامانجی ئەم ئیدارەیەی واشنتن لە عێراق لاوازکردنی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکانە، پێویستی بە پشتیوانی کوردە لە بەغدا، کورد دەبێ لە بەغدابێت و بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی واشنتن، دەبێ نیشانی ئەمریکای بدات بەبێ کورد بەرژەوەندی ئەمریکا گرەنتی پاراستنی نییە و کورد هێزەی هاوسەنگی ئەمریکایە لە بەغدا، پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانەی ئەمریکاش بە هەبوونی کوردستانێکی بەهێز دەکرێت نەک بە فەرامۆشکردنی.
بەهەدەردانی پارە لە واشنتن
چەند ساڵێکە لە واشنتن کار دەکەم، بۆم دەرکەوتووە، پارە زۆر شت دەکات، بەڵام هەموو شتێکیش بە پارە ناکرێت، هەندێک شت بە دڵسۆزی و لێزانین دەکرێت، قسەی گەورە و وەسفکردنی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بڵێیت من وادەکەم و وامکردووە، دەردەی کورد دەرمان ناکات، کێشەی گەورەی کورد لە واشنتن ئەوەیە هەڵسەنگاندنی دروستی بۆ کارەکانی لە واشنتن نییە، ئەگەرنا بە روونی دەردەکەوێت، ئەو خەرجیانەی لە واشنتن دەیکەن، بەلایەنی کەمەوە ئەوانەی دوو ساڵی رابردوو دەردەکەوێت بەرهەمەکەی چییە، ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار لە کوردستانەوە دێتە ئەم واشنتنە، بەڵام ئەرێ کەسێک هاتووە هەڵسەنگاندنێک بکات و بڵێت، ئەنجامی ئەو وەبەرهێنانەی ئێمە چییە، پێنتاگۆن بودجەی پێشمەرگەی بڕی و ئەوەی عێراق ماوەتەوە، کەس لەسەر ئەمە رووبەرووی لێپرسینەوە کرایەوە، ئەوانەی بەناوی کوردەوە پارە وەردەگرن، چی دەکەن، لەو رۆژەوە چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لە کۆنگرێس هەبووەو وەزیرانی دەرەوەو جەنگیش چوونەتە کۆنگرێس، کەسم نەبینی لە کۆنگرێس بێت و وابکات ئەندامێکی کۆنگرێس دوو پرسیار لەسەر کورد لەو دوو وەزیرە بکات، رۆژی 3ی حوزەیران لە دانیشتنی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئامادەبووم، باسی زۆربەی وڵاتان و کێشەکانی ناوچەکە کران، بە یەک وشەش نە ناوی کورد هات، نە باسی کورد کرا، لەکاتێکدا دووبارەی دەکەمەوە، کوردستان بەشێکی سەرەکی ئەو رووداوانەیە کە لە چەند مانگی رابردوودا و ئێستا لە ناوچەکە روودەدەن. زۆر خەمم لێخوارد، دواتریش کە پرسیارمان لە ئەندامانی کۆنگرێس کرد لەسەر پرسی کورد، بە دیاریکراوی لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و هاوئاهەنگی لە دژی تیرۆر پرسیارم لێکردن، لەجیاتی پەیوەندی و کێشەکانی ئێستای پەیوەست بە کورد، یەکێک لە ئەندامەکان باسی گواستنەوەی نەوتی عێراقی لە رێگەی سووریاوە کرد و دواتریش گوتی دەبێ ئەوەش لە بەرژەوەندی کورد بێت. ئەوەی دیکەش باسی کوردی لە ساڵی 1991 بۆ کردم، لێدوانەکانیان لە رووداو هەن، بۆ زانیاریتان ئەمانە دوو لە دۆستە نزیکەکانی کورد بوون لە کۆنگرێس. لەسەر ئەمە قسەم زۆرە، بەڵام بۆ ئێستا هەر ئەوەندە بەسە.
کۆتایی:
ئەمەی سەرەوە وەک نووسینێکی ئاسایی سەیر مەکەن، ئەمە وەک هۆشدارییەکی راستەوخۆی واشنتن سەیر بکەن. کورد لە واشنتن لە پاشەکشەدایە، بەلایەنی کەمەوە لەم ئیدارەیەدا، بەشێکی زۆری هۆکارەکەش کورد خۆیەتی، نەک خودی ئیدارەی ئەمریکا. کورد دەیان پاساوی داوەتە بەغدا و ئەمریکا. ئەمەش وەک ئەوەیە خۆی داوای لاوازکردنی خۆی بکات و ئەمریکا لە چاکە و پیاوەتی خۆی، بە قسەی ناکات.
بەڵام هێشتا کات زۆر ماوە و لە بەرژەوەندیی کوردیشە، دەتوانن بە ئاسانی وێنەی کورد روونتر و جوانتر و بەهێزتر بکەن. سازش بۆ یەکتر بکەن، حکومەتی نوێ پێکبێنن و پەرلەمان کارابکەنەوە، بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبی کەمێک فەرامۆش بکەن، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەم قۆناخەدا بچنە پێشەوە و بەرژەوەندیی میللـەتەکەتان بخەنە پێشەوە، ئەگەرنا وەک چۆن لە بابەتی پێشووم لە ساڵی 2023 نووسیم، ئەگەر ئەمریکا پاشەکشەی کرد، ''ئەوکاتە نابێ گلەیی لە کەس بکرێت. کەس پشتی لە کورد نەکردووە، کورد خۆی پشتی لەخۆی کرد.''

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
