بۆ ماوەی 15 ساڵە، نرخی مۆز لە ئێران بووەتە رەنگدانەوەی چیرۆکی دراوی نیشتمانی ئێران. کیلۆیەک مۆز کە لە ساڵی 2011 بە نزیکەی 2,000 تمەن دەفرۆشرا، ئێستا لە زۆربەی میوەفرۆشییەکانی تاران و شارەکانی دیکە نرخەکەی نزیکبووەتەوە لە 300 هەزار تمەن. ئەمەش بە واتایە دێت لە ماوەی 15 ساڵ دا نرخی مۆز 150 هێندە بەرزبووەتەوە.
لە ماوەی ئەم 15 ساڵە دا، بەهای تمەن ساڵ لە دوای ساڵ دابەزیوە. هۆکارەکەشی سزاکان، هەڵاوسان، گوشارە دارایییەکان و گرژییە جیۆسیاسییەکان بووە.
کاتێک بازرگانان یەک کیلۆ مۆز بە نزیکەی 300 هەزار تمەن دەفرۆشن، ئەوان تەنیا نرخی میوەکە دانانێن، بەڵکو تێچووی گواستنەوە، مەترسییەکانی هاوردەکردن، تێچووی دابینکردنی سەرمایە و چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسان و نادیاریی داهاتوویش لە نرخەکەیدا هەژمار دەکەن.
ئەمەش نرخی مۆز دەکاتە هێمایەک زیاتر لە نرخی تەنیا میوەیەک. نرخی مۆز لەنێوخۆی ئێران زۆرجار وەک راپرسییەکی راستەوخۆ لەسەر ئاستی متمانە بە تمەن چاوی لێدەکرێت. رەنگە نرخی ئێستای دۆلار پێمانبڵێ ئەمڕۆ دۆلار بەهاکەی چەندە، بەڵام نرخی مۆز پێماندەڵێ بازرگانان پێیانوایە لە داهاتوودا دۆلار بەهاکەی چی لێدێت.
ئیدی ئایا ئەو چاوەڕوانییە راست دەردەچێت یاخود نا، ئەوە پرسێکی دیکەیە. زۆرجار بازاڕەکان هەڵە دەکەن. ترس دەتوانێت وێنەکە لە واقیع گەورەتر نیشانبدات، هەر وەک چۆن گەشبینیش دەتوانێت هەمان کار بکات، بەڵام کاتێک کاڵایەک لە جیهان دا نزیکەی 1 دۆلار دەفرۆشێت، کەچی لە ناوخۆی ئێران دا، نرخەکەی نزیکەی 300 هەزار تمەنە، پەیامی بازاڕەکە شتێکە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
لۆژیکی پشت ئەم شرۆڤەیە هاوشێوەی تیۆرە بەنێوبانگەکەی بیگ ماک (هەمبێرگەرێکی ماک دۆناڵدە) ـە کە گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە ساڵی 1986 بلاویکردەوە. ئەم تیورە نرخی هەمان ساندویچی (بیگ ماک)ی ماکدۆناڵد لە وڵاتانی جیاوازدا بەراورد دەکات بۆ خەمڵاندنی هێزی کڕینی دراوە جیاوازەکان. بەوپێیەش ئەگەر لەبەرچاوی بگرین کە نرخی بیگ ماک لە ئەمریکا ئێستا نزیکەی 5.79 دۆلارە وەک پێوەر، بەڵام نرخی ساندویچێکی وەک بیگ ماک لە هەولێر یان بەغدا نزیکەی 9,000 دیناری عێراقی بێت، ئەوا نرخی گۆڕینەوەی دراوەکە دەکاتە 1,554 دینار بۆ یەک دۆلار، کە بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش راست دەردەچێت. ئێستا یەک دۆلار لە بازاڕی دراوی عیراق هەر نزیکە لەوەی لە فۆرمۆلەکەی بیگ ماک بەدەستدێت.
با باسی لیرەی تورکی بکەین، نرخی ساندەویچێکی بیگ ماک لە تورکیا ئێستا 460 لیرەی تورکییە. ئەگەر ئەوە دابەشی نرخی 5.79 دۆلارەکەی ئەمریکا بکەین، ئەوا دەبێت یەک دۆلار یەکسان بێت بە 79 لیرە. ئایا ئەمە نایسەلمێنێت کە نرخی راستەقینەی یەک دۆلار بەرامبەر لیرە 79 لیرەیە نەک ئەو بەهایەی ئێستا کە 46 لیرەیە. ئەمە هەرچەندە ژمارەیەکی ترسناکە بۆ ئابووری تورکیا، بەڵام بەرپرسانی تورکیا خۆیان بەردەوام خەمڵاندنی دابەزین بۆ دراوەکەیان دەکەین.
با بگەڕیینەوە سەر نرخی مۆز لە تاران. کیلۆیەک مۆز لە جیهان دا هەر نزیکەی 1 دۆلارە و لە بازاڕی تاران دا 300 هەزار تمەنە. بەپێی فۆرمۆلەکەی بیگ ماک، دەبێت بەهای یەک دۆلار نزیکەی 300 هەزار تمەن بێت. ئایا ئەوە بەو مانایە نایێت کە شەپۆلێکی دیکەی دابەزینی بەهای تمەن بەڕێوەیە؟ ئایا ئەوە هێمای ئەو ترسە گەورەیە نییە کە بازرگانان، کۆمپانیاکان و هاووڵاتیانی ئێران هەیە بۆ داڕمانی نرخی دراوەکەیان لە چەند مانگی داهاتوودا؟
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)
