شەشی حوزەیران، رۆژی زمانی رووسییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. لەو بۆنەیەدا هەر یەکێکمان بیری لای وشەکانی ئیڤان تورگینۆڤ (1818 - 1883)، رۆماننووس و درامانووسی سەرەکی سەتەی 19 دەبێ، کە دەڵێ: "لە رۆژگاری دوودڵی و لە رۆژانی رامان و بیرکردنەوەی تاڵ لە چارەنووسی نیشتمانەکەم، تەنیا هەر تۆی شادی و پشتیوانیی من، ئەی زمانی رووسیی مەزن، بەهێز، راست و ئازاد".
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2010دا رۆژی زمانی رووسی دیاریکرد، ئەوەش وەک رێزلێنان لە یەکێک لە شەش زمانە فەرمییەکەی خۆی، هەروەها بۆ ئەوەی بیخاتە بەرچاو کە چۆن زمان و رابردووی فەرهەنگیمان بە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆوە گرێدەدرێن.
بۆنەکە بە رۆژی لەدایکبوونی ئەلێکساندەر پووشکین (1799-1837)ـەوە گرێدراوە، ئەو شاعیرەی کە لەلای خەڵکێکی زۆر بە بناخەدانەری ئەدەبیاتی نوێی رووسی دادەنرێت. بلیمەتیی پووشکین لەو توانایەیدا بوو کە توانی ئاخاوتنی رۆژانە و قسەی سەر زاری خەڵک لەگەڵ نەریتی ئەدەبی دا ئاوێتە بکات، بەمەش شێوازێکی یەکگرتووی دروستکرد کە شێوەی بە وشە و رێزمانی رووسیی نوێ بەخشی. بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە دەنگێکی نوێیان بە زمانەکە بەخشی کە تاوەکو ئەمڕۆش ملیۆنان کەس بەکاری دەهێنن.
بەڵام رەگ و ریشەی زمانی رووسی زۆر لەوە کۆنترە و ئاو لە سەرچاوەیەکی زۆر کۆنتر دەخواتەوە کە ئەویش زمانی (سلاڤیی رۆژهەڵاتیی کۆنە)؛ ئەو زمانەی کە ئاخاوتنی هاوبەشی سەردەمی رووسیای نێوەڕاست بوو. لە سەتەی نۆیەم دا هەردوو قەشە (سیریل) و (میسۆدیۆس) کە لە ئیمپراتۆریی بێزەنتییەوە هاتبوون، ئەلفوبێی (گلاگۆلیتیک)یان هێنایە ئاراوە کە کۆنترین ئەلفوبێی زانراوی سلاڤییە، بەمەش بناخەیان بۆ نەریتی نووسین دانا. بە درێژایی سەتەکان، ئەم زمانە گەشەی کرد تاوەکو لە رێگەی بەرهەمی نووسەرە مەزنەکانی وەک (لیۆ تۆڵستۆی) و (ئانتۆن چیخۆڤ)ـەوە شێوە هاوچەرخەکەی خۆی وەرگرت.
ئەمڕۆ، لە سەرانسەری جیهان دا نزیکەی 258 ملیۆن کەس بە زمانی رووسی دەدوێن، بەمەش زمانی رووسی پێگەی خۆی لەنێو لەپێشترین ئەو 10 زمانەدا گرتووە کە لە سەرانسەری جیهان دا بەکاردێن. ئەم زمانە (شانبەشانی زمانەکانی عەرەبی، چینی، ئینگلیزی، فەڕەنسی و ئیسپانی) یەکێکە لە زمانە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ هەروەها زمانی فەرمیی رووسیا، بێلاڕووس، کازاخستان و قیرگیزستانە و وەک پردێکی لێکگەیشتن و زمانێکی بەکارهێنراویش لە نێوەڕاستی ئاسیادا بەکاردەهێنرێت. رووسی لە ئۆکراینا، مۆڵدۆڤا و وڵاتانی باڵتیکیش بە بەرفراوانی قسەی پێدەکرێت.
یەکێک لە لاپەڕە هەرە درەوشاوە و زێڕینەکانی مێژووی ئەم زمانە ئەوەیە کە لە بۆشاییی ئاسمانەوە دەستی پێکرد. لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1957ـدا، زەنگی نیشانەنێری (سپۆتنیک 1) (کە یەکەمین مانگی دەستکرد بوو) لە سەرانسەری دنیادا بیسترا، کە زانیاری تەکنیکی بە زمانی رووسی لەگەڵ بوو. پاشانیش گەشتە مێژووییەکەی (یوری گاگارین) لە 12ی نیسانی 1961 بناخەی ئەم زمانەی وەک زمانی گەڕان و دۆزینەوەی بۆشاییی ئاسمان تۆکمە و پتەوترکرد.
ئەم میراتە لە (وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان) بەردەوامە کە تێیدا زمانی رووسی شانبەشانی ئینگلیزی وەک یەکێک لە دوو زمانی کارکردن ماوەتەوە. کەشتیوانانی ئاسمان لە سەرانسەری دنیادا خۆیان فێری رووسی دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن سیستمە هەستیار و سەرەکییەکان بەکاربخەن، لەنێویاندا کەشتیی ئاسمانیی (سۆیوز) و بەشە رووسییەکانی نێو (وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان).
لە سەردەمی دیجیتاڵی دا، زمانی رووسی لەسەر ئینتەرنێت لە برەودایە و وەک یەکێک لە حەوت زمانە هەرە پێشەنگەکانی ئینتەرنێت خۆی دەنوێنێت. تۆڕی (روونێت) (کە بەشە رووسییەکەی ئینتەرنێتە) چەندین سەکۆی خۆماڵی وەک (یاندێکس) و (رامبلەر) و (ڤی کەی) لەخۆگرتووە. رۆژانە ملیۆنان بەکارهێنەر لە رێگەی چات، بلۆگ و مەکۆکانەوە رووسی بەکاردێنن و کۆمەڵگەیەکی دیجیتاڵیی پڕ لە جۆشوخرۆیان دروستکردووە.
ئێمە لە شەشی حوزەیران دا رێز لە زمانێک دەگرین کە باری فەرهەنگ و زانستی جیهانی هەڵگرتووە. زمانی رووسی بەردەوامە لە پێکەوەگرێدانی خەڵکی لە سەرانسەری دنیادا، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە جۆراوجۆریی زمانەکان نەک هەر لەمپەر و کۆسپ نییە، بەڵکو هێز و تینێکە کە هەموومان دەوڵەمەند دەکات.
* ماکسیم رووبین، کۆنسوولی رووسیای فیدرالە لە هەرێمی کوردستان و ئەم وتارەی بەتایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)