سەرۆكی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دواكەوتنی یەکگرتنی پێشمەرگە نەشاردووەتەوە. دواجار لە وتارەکەی لە ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆدا لە مانگی رابردوو، ئەو نیگەرانییەی بە باشی دەربڕی و گوتی: ئەم پرسە زیانی بە نێوبانگی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
ئەم مەترسییە لە ماوەی رابردوودا بە ژەنەڕاڵەکانی هاوپەیمانانیشەوە دیاربووە كە بۆ جاری چەندەمە گلەیی جیدی لە دواكەوتنی پرۆسەی یەكگرتنی پێشمەرگە دەکەن و کاتی خۆی، ژەنەڕاڵ مەتیوو مەکفارلێن، فەرماندەی هاوپەیمانان، بە راشکاوی ئەو گلەییانەی گەیاندە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکی سیاسیی ناخۆشدایە، بەڵام ئەو گلەیی و نیگەرانییانە درەنگ یان زوو پێویستە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە هەند وەربگیرێن. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان زۆر خێراتر لە جاران لە گۆڕاندان و ئەو گۆڕانانە بەشێكی زۆریان ریشەیی و هەمەلایەنەن. سەیرێكی خێرای ئەو هاوپەیمانییانەی كە ئێستا لە ئارادان لەنێوان وڵاتانی تاوەکو دوێنێ نەیار، ئاگاداركردنەوەیەكی راچڵەكێنەرە بۆ كوردستانی عێراق كە دەبێ ئامادەی گۆڕانكاریی سیاسی-جوگرافیی پێشبینینەكراوی زیاتربێت.
هێزی پیشمەرگەی کوردستان جگە لە مێژووە پڕشنگدارە ئازادیخوازییەکەی و شەڕی دیکتاتۆریی و تیرۆر، خاوەن پێگەیەکی دەستوورییە بەپێی مادەی 121ی دەستووری عێراق، هەموو ئەوانە دەتوانن وابکەن پێشمەرگە پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات وەک هاوپەیمانێکی هێزە رۆژئاواییەکان، تاکە رێگریش تەواونەکردنی پرۆسەی یەکخستنی پێشمەرگەیە. خودی ئەو پرۆسەیەش گرنگە، چونکە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپایی سەرپەرشتیی دەکەن .
لە ئەگەری تەنگژەی سەربازی دا، ئەمەریكا و هاوپەیمانە ئەورووپاییەكانی باشتر دەتوانن پاڵپشتی بۆ هێزی پێشمەرگە دەستەبەر بكەن، ئەگەر ئەم هێزە یەکگرتوو و لە سیستەمی ژێردەوڵەتی دابێت. بە واتایەكی روونتر، ئەگەر پێشمەرگە لە دەستوەردان و فەرمانی حیزبی دوورنەخرێتەوە، پێنتاگۆن ناتوانێ ئەو رێككەوتنە كراوەیەی كە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا ئیمزای كردووە، جێبەجێی بكات. هۆكاریش دیارە: وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بە یاسا رێگەی لێگیراوە هاوپەیمانی هێزی سەر بە گرووپ و حیزبەکان بێت . بە پێچەوانەشەوە ئەگەر پێشمەرگە یەكبگرێتەوە و هەمووی بە هەموو بخرێتەوە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە، هاوپەیمانیی پێنتاگۆن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەتوانێ بچێتە قۆناخی ستراتیژییەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا نیگەرانیی خۆی بۆ پێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە. مەترسییەكان جیدین. سێ ساڵ پێش ئێستا، ئەم مەترسییانە لە راپۆرتی پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش دا زۆر بە روونی دەركەوت كاتێك بە ئاشکرا "بێباکبوون و نابەرپرسیارێتیی" هێزە سیاسییەکانی لە هەرێمی کوردستان دایە بەر رەخنەی زۆر تووند کە لە بەرانبەر یەکتریدا ئامادەی سازش نەبوون. ئەو بە سەرسوڕمانەوە گوتی کە ئایا هێزە سیاسییەکانی کوردستان "جوگرافیا و مێژووی" خۆیان لەبەرچاو نییە؟
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ناتوانێت بەبێ پاڵپشتیی راستەوخۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (رۆژئاوا و هاوپەیمانییە جیهانییەکەی) سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی خۆی مسۆگەر بکات. ئەو دەڵێت لە وڵاتێکی فرەپێکهاتە، فرەنەتەوە و فرەئایینی وەک عێراق دا، ناسەقامگیری زۆر خێراتر و کاریگەرتر دەبێتە هۆکاری رووخانی دەوڵەت و لێکهەڵوەشانەوەی وڵاتەکە بۆ کۆمەڵێک قەوارەی بچووکی سیاسی. لە دۆخێکی وەهادا ئەگەری پێکدادانی ئایینی و نەتەوەیی و شەڕی ناوخۆ، نەک هەر ئاساییشی عێراق بە تەواوی دەخەنە مەترسییەکی جیدییەوە، بەڵکو هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ ئاساییش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ دروست دەکەن و دەروازە بۆ هەژموونی دەرەكی واڵاتر دەكەن. ئەم روانگە واقعبینانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی راستەقینەی بۆ مانەوەی وڵاتانی رۆژئاوایی لە هەرێمی کوردستان دا دروست کردووە کە بەرژەوەندیی ئاساییشی وڵاتانی دراوسێشی لێکەوتووەتەوە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەت ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا، پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیان وەک بەشێک لە زەوینە سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان لە قەڵەم داوە و لە هەموو کۆبوونەویەکی گرنگ دا داوایان لە پارتی و یەکێتی کردووە کە پێشمەرگە یەکبخرێت و ببێتە هێزێکی دوور لە دەستێوەردانی حیزبی. هۆکاری ئەوەیش روونە: رۆژئاوا، عێراق بە بنکە و لانکەی سەرهەڵدان و دروستبوونی هێزی میلیشیایی دەزانێت و ئەوە بە گەورەترین مەترسی بۆ سەقامگیریی عێراق لێکدەداتەوە. هەر بۆیە نەمانی هێزی چەکداری حیزبەکان، وەک زەوینەیەک دادەنێت بۆ رێگری لە سەرهەڵدانی هێزی چەکداری دیکەی وەک داعش و کەتائیبی حیزبوڵڵا.
هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە هێزەوە بچێتەوە نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق و، مافە دەستوورییەكانی كوردستان مسۆگەرتر بكات. مەرجی سەرەكی لێرەدا لێكگەیشتن و رێككەوتنی پارتی و یەكێتی یە. ئەم رێككەوتنە ئاسۆی بووژانەوەی ئابووری لە كوردستان زۆر گەشتر دەكات، پێچەوانەكەشی دەتوانێت لێكترازانی زیاتری نیشتمانی لێبكەوێتەوە. بۆیە پاڵپشتی لە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، پاڵپشتییە لە بەرژەوەندیی تاك تاكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.



.png&w=3840&q=75)