Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانسەرەکیهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

دۆلار و دینار. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دۆلار و دینار. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بیروڕا

دابەزینی بەهای دینار؛ مەترسی و دەرئەنجامەکانی لە داهاتوودا

0:00
0:00
قەبارەی دەق
مەحموود بابان
مەحموود بابان

22-10-2026

بابەتی پەیوەندیدار

دەستوبردکەن، بۆ شەڕى دەستوور
بیروڕا21-10-2026

دەستوبردکەن، بۆ شەڕى دەستوور

عارف قوربانی
عارف قوربانی
شۆڕشی نوێی فەرەنسا: تەقینەوەی قەیرانی ئابووری و دابەشبوونی سیاسی
بیروڕا20-10-2026

شۆڕشی نوێی فەرەنسا: تەقینەوەی قەیرانی ئابووری و دابەشبوونی سیاسی

خەدیجە ئەسکەندەر
خەدیجە ئەسکەندەر
بۆچی لەجیاتی شەڕکردن لەگەڵ حووسی دا مامەڵەی لەگەڵ نەکەین؟
بیروڕا17-10-2026

بۆچی لەجیاتی شەڕکردن لەگەڵ حووسی دا مامەڵەی لەگەڵ نەکەین؟

عەبدولڕەحمان راشد
عەبدولڕەحمان راشد

بەرایی

حکومەتی عێراق، نەک بانکی ناوەندی، لە ماوەی کەمتر لە یەک دەیەدا سێ جار بەهای دراوەکەی لە بەرامبەر دۆلاردا گۆڕیوە. دوایین جار لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2026ەوە بەهای دیناری لە بەرامبەر دۆلاردا گەڕاندەوە بۆ رۆژانی سەرەتای دوای رووخانی رژێمی بەعس. دابەزینی بەهای دینار جگە لە رەهەندەکانی وەک خستنەژێرپرسیاری سەربەخۆیی بانکی ناوەندی، داپۆشینی توانای حکومەت بۆ خەرجییەکان و کەمکردنەوەی توانای کڕینی هاووڵاتییان، لێکەوتەی مەترسیداری دیکەی وەک سستبوونی جووڵەی بازرگانی و بازاڕ، زیادبوونی هەژاری و بێکاری، دابەزینی بەهای یەدەگی دراوی بیانی و کشانەوەی وەبەرهێنەرانی لێ دەکەوێتەوە.

لە رۆژانی سەرەتای ساڵانی 2004 بۆ 2007دا، بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەنزیکەیی لە نێوان 1450 بۆ 1500 دیناردا بوو. دواتر گۆڕانکاری بەسەردا هات و لە ئابی 2008 تاوەکو ساڵی 2020، نرخەکەی لەنێوان 1150 تا 1200 دینار بوو. لە تەممووزی 2020دا نرخەکەی بەرزکرایەوە و هەر دۆلارێک بە 1450 دینار دیاریکرا، کە لەوێوە جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ هاتە ئاراوە. دواتر لە شوباتی 2023دا نرخەکەی دابەزێنرایەوە بۆ 1310 دینار، بەڵام لە 7 ئەم مانگەدا جارێکی دیکە نرخی فەرمی بۆ 1510 دینار بەرزکرایەوە. ئەم هەڵبەز و دابەزینەی بەهای دینار لەلایەن حکومەتەوە لە سایەی ستراتیژییەکی ئابووریی روونەوە نەهاتووە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە داهاتی نەوتەوە؛ کاتێک داهاتی نەوت کەم بکات بەهای دینار دادەبەزێنرێت، و کاتێک داهات زیاد بکات بەهای دینار بەرز دەکرێتەوە. بەڵام ئایا ئەم سیاسەتە تا سەر بەردەوام دەبێت؟

بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق و دەستەی ئامار، جیاوازیی نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ لە گۆڕانکاریی یەکەم و دووەمی نرخدا زۆر کەم بوو، بەڵام لە گۆڕانکاریی ساڵی 2023ەوە ئەم جیاوازییە زۆر گەورە بووە و تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.

سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی (IMF) پێنوێنی دراوی وڵاتان لە بەرامبەر پێنج دراوە گەورەکەی ئابووریی جیهان (دۆلاری ئەمریکی، یەنی ژاپۆنی، یوانی چین، پاوەندی بەریتانی و یۆرۆ) پێوانە دەکات کە بە SDR (مافی راکێشانی تایبەت) ناسراوە. ئەم پێنوێنە لاوازی و بەهێزیی دراوی وڵاتان دەردەخات، و عێراقیش لە نێو ئەو وڵاتانەدایە کە دراوەکەی بەرەو لاوازبوون رۆشتووە.

ئێستا، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا ئەم دابەزینە تەنیا رەهەندی کورتخایەنی هەیە یان رەهەندی درێژخایەنی هەیە و مەترسی ئەم گۆڕینی دراوە بەپێی داهاتی نەوت چ مەترسییەک دروست دەکات و رەهەندە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی لەسەر ئابووری عێراق چ دەبن؟   

رەهەندە کورتخایەنەکانی دابەزینی بەهای دینار

ئێستا بەهای یەک دۆلار لە بازاڕدا 1665 دینارە و لە بانکی ناوەندیش 1510 دینارە. بەراورد بە ماوەی پێشوو، جیاوازییەکە بە رێژەی 10٪ کەمبووەتەوە، چونکە پێش ئەم گۆڕانکارییە نوێیە نرخی فەرمی 1310 دینار و نرخی بازاڕ 1550 دینار بوو. راستە دابەزینی ئەمجارە تاوەکو ئێستا جیاوازیی نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە، بەڵام ئایا حکومەت دەتوانێت ئیدامە بەمە بدات و جیاوازییەکە گەورەتر نەبێت.

لەراستیدا، ئەوەی لە ژمارەکانی داتای نرخی فەرمی و نرخی بازاڕەوە دەردەکەوێت نیشانی دەدات کە ئەم ناسەقامگیرییە وایکردووە ساڵ بە ساڵ رێژەی جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ زیاد بکات، کە ئەمەش گەورەترین مەترسی لەسەر کۆنترۆڵی بازاڕ و سیاسەتی نەقدی دروست دەکات. بە شێوەیەک دەتوانین بڵێین پەیوەندیی بانکی ناوەندی و بازاڕ ناتەندروستە و بازاڕێکی پاراڵێڵ (تەریب)ی بەهێز لە وڵاتدا سەریهەڵداوە، کە لە هیچ یەکێک لەو وڵاتانەی حکومەتەکە بەهای دراوەکەی دیاریکردووە نابینرێت، نزیکترین نموونەش وڵاتانی کەنداوی دراوسێ عێراق.

لە روویەکی دیکەشەوە، نابێت جیاوازی لە نێوان نرخی بانکی ناوەندی و بازاڕدا هەبێت، چونکە دیناری عێراقی هاوشێوەی لیرەی تورکی یان ریاڵی ئێرانی نییە کە سیستەمی بازاڕ نرخەکەی دیاری بکات، بەڵکو لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە بانکی ناوەندی، یان درورستتر حکومەت راستەوخۆ نرخەکەی دیاری دەکات.



رەهەندی یەکەمی سەربەخۆیی بانکی ناوەندییە، چونکە دزەکردنی بڕیاری گۆڕینی بەهای دینار یەکەمجار لە پەرلەمانەوە، دواتر لە بڵاوکراوەی فەرمیی حکومەت و پاشان لە بانکی ناوەندییەوە، ئەم پرسیارەی هێناوەتە ئاراوە: ئایا بانکی ناوەندیی عێراق دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە یان بەشێکە لە پێکهاتەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات؟

بەپێی یاسا، بانکی ناوەندیی عێراق (CBI) دامەزراوەیەکی دارایی و کارگێڕیی سەربەخۆیە. دەستووری عێراقی ساڵی 2005 (ماددەی 103) بە rوونی ئاماژە بەوە دەکات کە بانکی ناوەندی سەربەخۆیە و لە بەرامبەر ئەنجومەنی نوێنەراندا بەرپرسیارە، نەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن. هەروەها یاسای بانکی ناوەندی ژمارە (51)ی ساڵی 2004 سەربەخۆیی داوەتێ بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی نەقدی، کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، پاراستنی سەقامگیریی دراو و سەرپەرشتیکردنی بانکە بازرگانییەکان.

گۆڕانکارییەکانی ماوەی رابردوو، چ ئەوەی ساڵی 2020 کە دۆلار لە 1180 دینارەوە کرا بە 1450 دینار، و چ ئەوەی ئێستا کە لە 1310 دینارەوە کرا بە 1510 دینار زیاتر پەنابردنی حکومەت بوون بۆ زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی (بە دینار) نەک پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ئابووریی. لە هەردوو جاردا بڕیارەکە دوای کەمبوونەوەی داهاتی نەوت هات؛ جارێک بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت کە داهاتەکە دابەزی بۆ 41 ملیار دۆلار، و جارێکی دیکەش بەهۆی ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان و مەترسییەکانی سەر تەنگەی هورمز کە هەناردە و داهاتی عێراقیان کەمکردەوە. لە بەرامبەردا، بەرزکردنەوەی بەهای دینار لە ساڵی 2023دا (لە 1450 بۆ 1310 دینار) هەر بەهۆی نەوتەوە بوو، بەڵام ئەمجارە داهاتی نەوت زیادیکردوو بوو بە 115.7 ملیار دۆلار، نەک لەسەر بنەمای ریفۆرمی نەقدی.

رەهەندی دووەمی پڕکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتە کە بە تەواوی پشتی بە نەوت بەستووە. ئەزموونی رابردوو دەریخستووە کاتێک داهات کەم دەکات، حکومەت لە بڕی پەنابردن بۆ چاکسازیی پێکهاتەیی لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و هەمەچەشنکردن و زیادکردنی داهاتەکەی و رێکخستنەوەی باج، ئاسانترین رێگە دەگرێتە بەر کە گۆڕینی بەهای دینارە لە بەرامبەر دۆلاری نەوتدا؛ چونکە لە هەر ملیارێک دۆلاردا دەتوانێت داهاتی دینار بە بڕی 200 بۆ 400 ملیار زیاد بکات.

رەهەندی سێیەمی ئەم پرسە راستەوخۆ پەیوەستە بە توانای کڕینی هاووڵاتییانەوە. کاتێک بەهای دراو بە رێژەی سەروو 14٪ دادەبەزێندرێت، مانای وایە هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە. لە ئابوورییەکی وەک عێراقدا کە تەنانەت بەرهەمهێنانی ناوخۆییش پشتی بە هاوردەکردنی کەرەستەی خامی دەرەوە بەستووە، ئەمە راستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی کاڵاکان و کەمبوونەوەی توانای کڕینی هاووڵاتییان.

رەهەندە درێژخایەنەکانی دابەزینی بەهای دینار

یەکەم، کەمبوونەوەی بەهای یەدەگی دراوی بیانی عێراق، لە سەرەتای ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان و ناڕوونییەکانی تەنگەی هورمز کە بووە هۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت، بەرپرسانی عێراق باسیان لە یەدەگێکی سەروو 130 تریلیۆن دینار (نزیکەی 100 ملیار دۆلار) دەکرد. بەڵام ئێستا ئەم یەدەگە بەپێی بانکی ناوەندی تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە  دابەزیوە بۆ 98.8 تریلیۆن دینار. بە نرخە نوێیەکەش، بەهای راستەقینەی یەدەگەکە کەمتر دەبێتەوە بۆ 65 ملیار دۆلار،  کە لە حاڵەتی راوەستانی داهاتی نەوتدا، عێراق ناتوانێت تەنانەت بۆ یەک ساڵیش پشتی پێ ببەستێت نەوەکو وەبەرهێنانی بۆ نەوەی داهاتوو تێدا بکات.

دووەمیان، سستبوونی جووڵەی بازرگانی، عێراق ساڵانە لە نێوان 50 بۆ 75 ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی 1100 بۆ 1200 جۆر کاڵا خەرج دەکات. کاتێک بەهای کاڵای هاوردەکراو بەنرخی فەرمی 15٪ و بە دۆلاری بازاڕ تا 25٪ بەرز دەبێتەوە، داواکاری لەسەر کاڵاکان کەمدەبێتەوە و ئەمەش راستەوخۆ دەگۆڕێت بۆ سستبوونی جووڵەی بازرگانی.

سێیەمیان، ئەم ناسەقامگیرییە دەبێتەهۆی کشانەوەی سەرمایەگوزاری و زیانی بازرگانان، چونکە ئەم هەڵبەز و دابەزینە زەرەرێکی گەورە لە کۆمپانیاکان دەدات. بۆ نموونە: ئەگەر کۆمپانیایەک لە 6ی تشرینی دووەمدا بۆ ناردنەوەی 100 ملیۆن دۆلار پێویستی بە 130 ملیار دینار بووبێت، بەڵام مامەڵەکەی کەوتبێتە 8ی تشرینی دووەم، ئەوا پێویستی بە 151 ملیار دینار دەبێت. ئەم جیاوازییە (21 ملیار دینار) زیانێکی راستەوخۆیە لە سەرمایەی کۆمپانیاکان کە دەبێتە هۆی لاوازی ژینگەی سەرمایەگوزاری و هاندانی وەبەرهێنەران.



 چوارەمیان، لەهەموو مەترسیدارتر هەڵکشانی رێژەی هەژاری و بێکاری، کاتێک توانای کڕین دادەبەزێت و نرخەکان 15٪ بۆ 25٪ گران دەبن، ئەو خێزانانەی لەماوەی رابردوو هێڵی هەژارییان تێپەڕاندووە دووبارە دەکەونەوە ژێر هێڵی هەژاری، چونکە مووچە و یارمەتییە حکومییەکان جێگیرن بەڵام تێچووی ژیان بەرزبووەتەوە. هاوکات سستبوونی بازاڕ و گرانیی کەرەستەی خام و سووتەمەنی و کارگێڕی، وادەکات کارگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکان توانای کێبڕکێیان کاڵای دەرەوەیان لاواز دەبێت و ناچار بەرەو کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و داخستن بچن، کە ئەمەش بێکاری بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، سەرەڕای ئەوەی ئێستا رێژەی بێکاری لە عێراق دوو هێندەی زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئەفریقا لەسەروو 15.5٪وە.

پێنجەمیان، کاریگەری لەسەر کەرتی بانکی و متمانەی دارایی، جگە لە هەموو ئەوانەی سەرەوە، ئەم بڕیارانە راستەوخۆ متمانەی هاووڵاتییان بە سیستەمی بانکیی ناوخۆیی لاواز دەکەن. کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات بەهای پاشەکەوتەکەی بە دینار لە ناوبانکەکاندا روو لە دابەزینە، پەنا دەباتە بەر شاردنەوەی دارایی (Hoarding) بە دراوی بیانی یان زێڕ لە ماڵەکانیدا. ئەمەش وادەکات نەختینەی دینار لە دەست بانکی ناوەندی و بانکە بازرگانییەکان دەربچێت و توانای بانکەکان بۆ پێدانی کرێی و قەرزی وەبەرهێنان بە تەواوی لاواز بێت.

دراوی وڵاتان و عێراق؛ بۆچی زۆربەی روو لە دابەزینە؟

بەپێی دوایین ئامار و داتاکانی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی (IMF) و گرووپی بانکی جیهانی، کە پشکنین و هەڵسەنگاندنیان بۆ گۆڕانکاریی 227 دراوی جیهانی لە نێوان ساڵانی 1950 تا 2026 ئەنجام داوە، دەرکەوتووە کە سیستەمی دارایی و دراوی جیهانی رووبەڕووی داڕمانێکی قووڵی بەهای راستەقینە بووەتەوە. بە شێوازێک کە لە کۆی گشتیی ئەو دراوانە، 186 دراو، واتە نزیکەی 69٪ی کۆی دراوەکانی جیهان بەشێکی زۆر لە بەهاکەیان لەدەستداوە و بەرەو لاوازبوون رۆیشتوون، لە بەرامبەردا تەنیا 45 دراو توانیویانە سەقامگیری یان بەهێزبوونی خۆیان بپارێزن.

هەروەها، سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی پشت بە پێوەرێکی حساباتیی تایبەت دەبەستێت کە بە SDR (Special Drawing Rights -  مافی راکێشانی تایبەت ناسراوە. ئەم ئامرازە لە راستیدا دراوێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو «سەبەتەیەکە» پێکدێت لە پێنج دراوی سەرەکی و کاریگەری جیهان، کە بریتیین لە: دۆلاری ئەمریکی، یەنی ژاپۆنی، یوان/ڕێنمینبی چین، پاوەندی بەریتانی و یۆرۆ. بەهای SDR بە دۆلار بەم هاوکێشە زانستییەی خوارەوە دەدۆزرێتەوە و بۆ پێوانەکردنی هێز یان لاوازیی دراوی وڵاتان لەبەرامبەر تێکڕای ئابووریی جیهان بەکاردێت: SDR بە دۆلار = کۆی بڕی هەر دراوێک × بەهاکەی بە دۆلار.



بەپێی ئەم پێوەرەش، گۆڕانکارییەکانی بەهای دیناری عێراقی کە لە ساڵانی رابردوودا روویان داوە، نیشانەی داکشانی کێشی راستەقینەی دراوەکەن لە بەرامبەر سەبەتەی دراوە جیهانییەکاندا، کە ئەمەش مەترسییەکی راستەقینەیە لەسەر داهاتووی هێزی کڕین و سەقامگیریی نەقدی لە عێراق دەخاتەڕوو.

هەروەها، داتاکان هۆکاری جیاواز لەبارەی دابەزینی بەهای دراوی وڵاتان لە جیهان دەخاتەڕوو و نیشانی دەدات کەوا داڕمانی دراو تەنیا دیاردەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە کە بەهۆی هەڵاوسانی جیهانی، سیاسەتە هەڵەکانی بانکە ناوەندییەکان و ناسەقامگیریی سیاسییەوە دروست بووە. بۆ نموونە، لە سەرەتای ئەم ماوەیەوە تائێستا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ گەورەترین داڕمانی دراوی لە مێژوودا تۆمارکردووە بە جۆرێک کە دراوەکەی زیاتر لە 12 هەزار جار دابەزیوە، لە بەرامبەردا دراوی سویسرا (فرانک) وەک یەکێک لە بەهێزترین قەڵاکانی دارایی جیهانی مۆدێلێکی سەرکەوتووی پێشکەشکردووە و توانیویەتی بەهای خۆی چەند هێندە بەرز بکاتەوە.

لەسەر ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدەر لە وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو GCC کە دراوەکانیان بە جێگیریی ماوەتەوە و دانەبەزیووە لە بەرامبەر دۆلار، دەبینین زۆربەی دراوەکانی ئەم ناوچەیە تووشی دابەزینێکی زۆر بوون. لە rیزبەندیی توندیی ئەم دابەزینەدا بۆ ماوەی نێوان 1950 بۆ 2026، تورکیا لە پلەی یەکەمدا دێت، پاشان ئێران لە پلەی دووەمدا، سووریا لە پلەی سێیەمدایە، و عێراقیش  هەرچەندە بەهای دراوەکەی زۆر دانەبەزیووە، بەڵام  لەم هاوکێشەیەدا بە 69٪ی دابەزینی گشتی و بەراوردکارییەکانی لەگەڵ مێژووی دراوەکەیدا جێگەی خۆی گرتووە.

هۆکاری بنەڕەتیی ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو، دەگەڕێتەوە بۆ وابەستەیی تەواوی ئابووریی ئەم ناوچەیە بە تاک سەرچاوەی داهات و نەبوونی سیستەمێکی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی هەمەچەشن و بەردەوامی ناسەقامگیرییەوە. کاتێک داهاتی دەرەکییان تێکچێت یان قەیرانی جیوپۆلیتیکی سەرهەڵبدات، دراوی ئەم وڵاتانە وەک یەکەم قوربانی دەكەونە بەر شەپۆلی داڕمان.



کۆتایی

ئەگەرچی دابەزاندنی بەهای دینار لە لایەن حکومەتەوە لە کورتخایەندا وەک ئامرازێک بۆ داپۆشینی کورتهێنانی بودجە و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بەکاردێت وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران لە روونکردنەوەی پەرلەمان ئاماژەی بۆ کرد، بەڵام لە رەهەندە درێژخایەنەکانیدا ئابووریی عێراق تووشی ئیفلیجی دەکات. ئەم سیاسەتە نەقدییە ناسەقامگیرە، لە لایەکەوە توانای کڕینی هاووڵاتییان دادەبەزێنێت و رێژەی هەژاری و بێکاری بەرز دەکاتەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە ژینگەی وەبەرهێنان بۆ سەرمایەی ناوخۆیی و دەرەکی لاواز دەکات.

هەروەها، لە رووی ژێرخانی ئابوورییەوە، پشت بەستنی تەواوەتیی عێراق بە داهاتی نەوت و هاوردەکردنی کاڵاکان وادەکات دابەزینی بەهای دینار هۆکارێک نەبێت بۆ گەشەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، بەڵکو تەنیا دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسانی هاوردەکراو (Imported Inflation). تا ئەو کاتەی عێراق چاکسازی لە کەرتی بەرهەمهێنان، سووتەمەنی و کارگێڕیدا نەکات، هەر دابەزینێکی بەهای دینار تەنیا بارگرانییەکانی سەر شانی هاووڵاتییان قورس و قورس تر دەکات.

لە کۆتاییدا، بەردەوامی عێراق لەم بازنەی هەڵبەز و دابەزینی بەهای دراو، بەندە بە سەربەخۆیی راستەقینەی بانکی ناوەندی لە بڕیارە سیاسییەکان و داڕشتنی ستراتیژییەکی فرەچەشنی ئابووری. بە بێ ئەمانە، سپاردنی بەهای دینار بە نرخەکانی نەوت و رووداوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ئابووریی وڵاتەکە بەرەو قەیرانی قوڵتر و لێکەوتەی کۆمەڵایەتیی مەترسیدارتر دەبات.

بابەتی پەیوەندیدار

دەستوبردکەن، بۆ شەڕى دەستوور
بیروڕا21-10-2026

دەستوبردکەن، بۆ شەڕى دەستوور

عارف قوربانی
عارف قوربانی
شۆڕشی نوێی فەرەنسا: تەقینەوەی قەیرانی ئابووری و دابەشبوونی سیاسی
بیروڕا20-10-2026

شۆڕشی نوێی فەرەنسا: تەقینەوەی قەیرانی ئابووری و دابەشبوونی سیاسی

خەدیجە ئەسکەندەر
خەدیجە ئەسکەندەر
بۆچی لەجیاتی شەڕکردن لەگەڵ حووسی دا مامەڵەی لەگەڵ نەکەین؟
بیروڕا17-10-2026

بۆچی لەجیاتی شەڕکردن لەگەڵ حووسی دا مامەڵەی لەگەڵ نەکەین؟

عەبدولڕەحمان راشد
عەبدولڕەحمان راشد
پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە