لە دوایین هەڵبژاردن لە هیندستان لەم مانگەدا، لای زۆر لە میدیا جیهانییەکان سەیر بوو، کە (تالاپاتی ڤیجای)ی سینەماکار بە دوو ساڵی تەمەنی لە سیاسەتکردن، توانی ببێتە براوەی هەڵبژاردن لە هەرێمی تامیل نادوو.
پێشووتر زۆر لە سینەماکارانی هیندستان هەوڵیانداوە بەشداریی کارا لە پرۆسەی سیاسی بکەن، دیارترینیان ئەستێرەی بۆلیوود ئەمیتاب باچچان بوو، کە لە ساڵی 1984 لەسەر داوای راجیف گاندی کە هاوڕێی منداڵی بوو، خۆی لەسەر لیستی کۆنگرێس بەربژێر کرد. ئەمیتاب دەنگێکی زۆری بەدەستهێنا، کە نزیکەی 3 ملیۆن دەنگی بۆ کۆنگرێس کۆکردەوە. دوای 3 ساڵ کارکردن وەکو ئەندامی پەرلەمان لەسەر پشکی ناوچەی ئەلائاباد، دەستی لە کار کێشایەوە و بۆ هەمیشە وازی لە سیاسەت هێنا. ساڵی 2014 کاتێک یەکەم جار ئەمیتابم بینی، لێمپرسی بۆچی وازت لە سیاسەت هێنا؟ سەیرێکی کردم و گوتی 'من بۆ سیاسەت نەخولقاوم، کاری من هونەرە'.
لەدوای ئەمیتاب ژمارەیەکی زۆر سینەماکاری دیکە چوونە نێو هەڵبژاردن، لەوانە دارمێندەر دیۆل و هیمامالینی ژنی و کوڕەکەی دارمێندەر سەنی دیۆل، کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانە.
هاوکات ژنەکەی ئەمیتاب بەناوی جایا باچچان و شاتروخان سینها و میتون چاکرابۆرتی بوونە ئەندامی پەرلەمان. زۆربەی سینەماکاران بە ترسەوە سیاسەت دەکەن، تاوەکو ئێستا هیچ سینەماکارێک نەبووەتە سەرۆک وەزیر، زۆر بە کەمی بیریان لەوە کردووەتە حیزب دروست بکەن، بەڵام لە هەرێمی تامیل نادوو، رامچاندرا لە ساڵی 1977 یەکەم ئەکتەر بوو توانی ببیتە سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکە. بۆ ماوەی 6 جار لە هەرێمی تامیل نادوو توانی ببیتە سەرۆکوەزیران.
ڤیجای تالاپاتی ریکۆردی شکاند
(تالاپاتی ڤیجای) لە ساڵی 1947 لە دایک و باوکێکی هەژار و هونەرپیشەی سینەماکار، لە شاری چەنای هەرێمی تامیل نادووی هیندستان لە دایک بووە. بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1984 لە تەمەنی 10 ساڵیدا، لە فیلمێکدا بەناوی (ڤیتری) وەکو ئەکتەر دەردەکەوێ. ساڵی 1992 بە شێوەیەکی فەرمی وەکو ئەکتەری سینەمایی دەناسرێت، دوای چەند ساڵێک خەڵاتی یەکێک لە باشترین ئەکتەرەکانی سینەمای تامیلی وەرگرت. ساڵی 2005 کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی فیلمی دامەزراند بەناوی ڤیجای پرۆدێکشن. ساڵی 2024 بە تەواوەتی وازی لە سینەما هێنا و رووی لە سیاسەت کرد، حیزبێکی نوێی بەناوی (تامیلاگای ڤیتری کازاگامە) دامەزراند، کە ناسراوە بە TVK.
دوو هەفتە لەمەوبەر هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی تامیل نادوو ئەنجامدرا، زۆر حیزب داوای هاوپەیمانێتییان لێی کرد، کە بە یەک لیست بەشدار بن، بەڵام ڤیجای رەتیکردەوە. دوای ئاشکراکردنی ژمارەی دەنگەکان، توانی 108 کورسی، لە کۆی 234 کورسی لە ویلایەتی تامیل نادوو بە دەست بهێنێت. بەم چەشنە بوو بە سەرۆکوەزیرانی ویلایەتەکە.
پاش بوونی بە سەرۆکوەزیران لە یەکەم گوتاریدا لەنێو ئاپۆڕای جەماوەرەکەی گوتی "شێر هەر شێرە، لە دارستان مەیموون و رێوی و گیانەوەری دیکە زۆرن، لەنێویاندا شێر هەمیشە بە تەنهایە، بەڵام هەر پاشای دارستانە".
ئەو بە جوولە و قسەی سەیر دەردەکەوێ، هاوشێوەی نواندن لەنێو فیلمەکاندا نمایشی سیاسی ئەنجام دەدات. دوای بوونی بە سەرۆکوەزیرانی تامیل نادوو، بەشێک لە ئەکتەرەکانی بۆلیوود و تۆلیوود و تامیلی بروسکەی پیرۆزباییان بۆ نارد، لەوانە هەریەکە لە ئەمیتاب باچچان و شارۆخخان و کەمال حەسەن و راجنی کانت.
بە گشتی خەڵک و جەماوەری هیندستان بە بردنەوەی ڤیجای خۆشحاڵن، ئەو بەهۆی سینەماوە ناسراوە، جەماوەرێکی زۆری هەبوو، لە دوای دەرچوونی ڤیجای بەشێک لە راگەیاندن و خەڵکی هیندستان پێیان وایە ئەکتەری ناوداری بۆلیوود و جیهان شارۆخخانیش ئەگەر هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی بەربژێر بکات، چونکە ئەو ئێستا دەوڵەمەندترین ئەکتەری سینەمایە لە جیهاندا و لە هەموو هیندستان جەماوەرێکی زۆری هەیە، نەک تەنها لە هەرێمێکی وەکو تامیل نادوو.
سینەمای تامیل لە جیهان و هەرێمی کوردستان ئەوەندەی بۆلیوود ناسراو نییە. هاوکات ڤیجایش بە قەد ئەکتەرانی دیکەی سینەمای بۆلیوود، وەکو سەلمان خان و رتێک رۆشان و سەنی دیۆل و ئەمیتاب و شارۆخخان ناوبانگی لە هیندستان بەگشتی نییە، تەنها لە هەرێمەکەی خۆی نەبێ.
خەڵکی تامیل نادوو لە رووی زمان و دابونەریت جیاوازی زۆریان هەیە لەگەڵ هەرێم و ناوچەکانی دیکەی هیندستان. یەکەم جار ساڵی 2012 لە دێلهی بە فڕۆکە بۆ ماوەی 3 کاژێر رۆیشتین ئینجا گەیشتینە شاری چەنای پایتەختی تامیل نادوو، ناوچەیەکی تەواو دوورەدەستە و لە دوایین بەشی هیندستانە و لە رووی خزمەتگوزارییەوە زۆر لەپاش دێلهی و مۆمبای و شارەکانی دیکەدایە.
ئەوان بە زمانی تامیلی دەدوێن، کە تەواو لەگەڵ زمانی هیندی جیاوازە. سینەمای تامیل بە زمانی تامیلییە، بۆیە کەمترین بینەری هەیە و لە سینەماکانی هەرێم و ناوچەکانی دیکە و دێلهی و مۆمبای تەنها فیلمەکانی بۆلیوود رەواجی هەیە.
سینەمای تامیل لە رووی ئەکشن و دراماوە زۆر لە دوای بۆلیوودە، زۆر جار گرتەکانی نێو فیلمەکانیان بەشێوەی تەنزئامێز بڵاو دەکرێتەوە، لە کوردستان و وڵاتانی عەرەبی بە فیلمی هیندی ناوی دەهێنن، بەبێ ئەوەی جیاوازی لەنێوان سینەماکانی بۆلیوود و تامیل بکەن.
ئێستا تالاپاتی ڤیجای لەبەردەم گەورەترین و هەستیارترین رۆڵی ژیانیدایە؛ کە بە کامێرا و مۆنتاژ نا، بەڵکو بە کردەوە و بڕیاری راستەقینە دەنووسرێتەوە. ئەو لە ژێر تیشکی لایتەکانی ستۆدیۆوە هاتە ژێر تیشکی هەڵوێستی سیاسی، ئێستا ملیۆنان چاو چاوەڕێن ببینن ئایا شێرەکەی تامیل نادوو دەتوانێت مێژوویەکی نوێ بۆ هەرێمەکەی بنەخشێنێت؟ ڤیجای سەلماندی کە لە هیندستان، سنووری نێوان سینەما و سیاسەت تەنها پەردەیەکی تەنکە و ئەو توانی ئەو پەردەیە بدڕێنێت.
