هەندێک رۆژ هەن کە تەنیا وەک ژمارەیەک لە رۆژژمێردا نامێننەوە، بەڵکو دەبنە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان دوو سەردەمی جیاواز. 29ی ئایاری 2013، بۆ میدیای کوردی تەنیا رۆژی لەدایکبوونی دەزگایەکی میدیایی نەبوو، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە هاوکێشەکانی گەیاندن و بەرهەمهێنانی زانیاریی لە بنەڕەتەوە گۆڕین.
ئەمڕۆ کە 13 ساڵ بەسەر ئەو وەرچەرخانەدا تێدەپەڕێت، رووداو چیتر تەنیا ناوێکی میدیایی نییە، بەڵکو بووەتە ناسنامەیەکی نێودەوڵەتیی کورد و پەنجەرەیەکی درەوشاوە کە کۆمەڵگەی جیهانی لەوێوە سەیری قووڵایی رووداوەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
پێش دروستبوونی رووداو، بینەری کورد لەکاتی قەیرانە گەورەکان و ساتە چارەنووسسازەکان دا، تووشی جۆرێک لە ونبوون دەبوو. چاوی کورد هەمیشە لەسەر شاشە بیانییەکان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بوو، تاوەکو بزانێت لەنێو ماڵەکەی خۆیدا چی دەگوزەرێت. راستییەکان بە فلتەری وەرگێڕان و تێڕوانینی سیاسیی ئەوان دەگەیشتنە ئێمە، کە زۆرجار لەگەڵ واقیعی نێوخۆیی ناوچەکە و کوردستانیش جیاوازبوون. رووداو ئەم هاوکێشە باوەی هەڵگێڕایەوە، نەک هەر متمانەی بۆ بینەر گەڕاندەوە، بەڵکو مێزی زانیاری لەسەر ئاستی ناوچەکەش گۆڕی. ئێستا رووداو بووەتە ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوەی کە ئاژانسە هەواڵییە جیهانییەکان وەک وێستگەیەکی بنەڕەتیی زانیاری پشتی پێدەبەستن. ئەمە گەورەترین دەستکەوتی میدیای کوردییە، کە ئێمە لە وەرگرێکی بێدەنگەوە گۆڕاین بۆ بەرهەمهێنەرێکی کاریگەر لە بازاڕی جیهانیی هەواڵ دا.
ئەوەی رووداو جیا دەکاتەوە، تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو پێشەنگایەتییە لە داهێنان دا. رووداو یەکەم میدیای ناوچەکەیە سوودی لە ژیریی دەستکرد (AI) وەرگرتووە، نەک تەنیا وەک ئامرازێک، بەڵکو وەک ستراتیژێک بۆ خێراکردن و باشترکردنی کوالێتیی زانیارییەکان، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەم تۆڕە میدیاییە هەمیشە هەنگاوێک لەپێش کاتەوە دەڕوات.
یەکێکی دیکە لە دەستکەوتە ستراتیژییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێیە لە میدیاکاری لێهاتوو کە ستانداردە جیهانییەکانیان گواستەوە نێو جەستەی میدیای کوردی و زمانێکی نوێیان بۆ رووماڵکردن داهێنا. داهێنان لەلای رووداو کۆڵەکەیەکی جێگیرە، لە کاتێک دا میدیای ناوچەکە هێشتا لە قاڵبە کلاسیکییەکان دا مابوونەوە، رووداو وەک پێشەنگێکی بێ رکابەر، پۆدکاستی بەشێوەیەکی زانستی و فراوان دەستپێکرد و وەرگری کوردی بەم ژانرە مۆدێرنە ئاشنا کرد. ئەمە دەیسەلمێنێت کە رووداو تەنیا شوێنکەوتەی تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو دروستکەری مۆدێلە نوێیەکانی میدیایە.
لە ماوەی ئەم 13 ساڵە دا، سەرباری ئاستەنگی و رێگریی و بەرتەسککردنەوەی پێدانی زانیاری، بەڵام رووداو هەر لە لووتکە دا مایەوە. لەکاتێکدا مانەوە لە لووتکەدا بۆ ماوەی 13 ساڵ لە ژینگەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیی وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا کارێکی ئاسان نییە.
نهێنیی بەردەوامی و ئەو خۆشەویستییە جەماوەرییەی رووداو هەیەتی، لە دوو چەمکی سەرەکی دایە "بێلایەنی و گشتگیری". لە ناوچەیەک دا کە پڕە لە جەمسەرگیریی تووند، رووداو توانی ببێتە خاڵی کۆکەرەوە و سەکۆی هەمووان. هەموو رەنگ، دەنگ، ئایین و نەتەوەیەک بەبێ جیاوازی خۆیان تێدا دەبیننەوە. رووداو بە کردار سەلماندی کە دەکرێت میدیایەکی کوردی بیت و بە زمانی دایک بدوێیت، بەڵام هاوکات جیهانی بیر بکەیتەوە، نیشتمانی بیت و مرۆڤ لە چەقی هەموو رووماڵەکانت دا بێت.
