رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی داوای لە یاریزانانی تیپەکەی کرد، شایستەیی خۆیان بۆ پۆشینی درێسی یانەکە پێشان بدەن، کاتێک سبەی رووبەڕووی ریال ئۆڤیێدۆ دەبنەوە، پاشئەوەی نازناوی لالیگایان لەدەستدا.
بارسێلۆنا، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، نازناوی لالیگای بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک بەدەستهێنا، پاشئەوەی لە کلاسیکۆدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە ریال مەدریدی بردەوە.
ئەربێلوا لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی پێش یارییەکەی ئۆڤیێدۆ هەڵوەستەی لەسەر چەندین دۆسێی جیاوازی یانەکەی کرد، لە بابەتی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەی سەرۆکی یانەکەوە، تاوەکو ئەگەری گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی یانەکە.
دۆسێی نێگرێرا
راهێنەری ریال مەدرید، لەبارەی لەدەستدانی نازناوی لالیگاوە گوتی، "نازناوەکەمان لەدەستدەرچوو، ئێمە بەرپرسیارین لێی، دەبێ پێشانی بدەین شایستەی پۆشینی درێسی یانەکەین".
ئەو دووپاتیکردووەتەوە کە لە بیست ساڵی رابردوودا هەندێک شت روویانداوە ئاگاداری نین، شتێکی باش دەبێت ئەگەر دۆسێی نێگرێرا چارەسەر بکرێت.
ئەربێلوا دەڵێ، روونە کە شتی نایاسایی و نالۆژیکی روویانداوە، ئەمە هەستی هەموو هاندەرانی ریال مەدریدە.
دۆسێی نێگرێرا پەیوەندی بەیانەی بارسێلۆناوە هەیە، پاشئەوەی یەکلابووەوە کە یانەکە بەبێ بنەمایەکی رازیکەر، بۆ ماوەی چەند ساڵێک پارەی داوەتە خۆسێ نێگرێرای جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا. لە کاتێکدا بارسێلۆنا دەڵێ ئەو پارەیەی بەیاسایی داوە و لەپێناو راوێژی ناوبژیوانیدا بووە.
کۆنگرەکەی پێرێز
دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، هێرشی زۆری کردە سەر لالیگا، بارسێلۆنا و ئەوانەی ئەو ناوینان هەوڵدەر بۆ دەستبەسەرداگرتنی یانەکە.
ئەلڤارۆ گوتی، "من لێرەنیم بۆ ئەوەی قسە لەسەر کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی سەرۆکەوە بکەم، هەموو هاندەرێکی ریال مەدرید هاوڕایە لەسەر پێویستیی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی یانەکە. ئێمە بەشێوەیەکی جیاوازتر لە یانەکانی دیکە مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت".
ئەو هەروەها دەڵێ، "من هەمووکات گوتومە کە ریال مەدرید بەهێزتر دەبێت کاتێک هاندەران و تیپەکە یەکگرتوو دەبن. لە مێژوودا ئەمە سەپاوە، ئێمە یەک خێزانین، هەموو کات دەگەڕێینەوە. داواکارییەکان لە یانەکە زۆر بەرزن، هەرگیز رازی نابین، شکست لە ریال مەدرید، لە یانەکانی دیکە ئازاربەخشترە".
ئەربێلوا دووپاتیکردووەتەوە کە مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی یانەکەدا نییە، بەڵام دووپاتیکردووەتەوە کە لە ماوەی 26 ساڵ سەرۆکایەتیی پێرێزدا، یانەکە زۆر گۆڕاوە. ئەو دەڵێ، "هاندەران دەزانن ئەو چی بۆ یانەکە کردووە، ئەگەر کەسێکیش هەبێت توانای گۆڕینی ئەو دۆخەیە هەبێت، هەر پێرێزە".
دۆخێ ئێمباپێ
ئەربێلوا باسی دۆخی کیلیان ئێمباپێی کردووە کە لەماوەی رابردوودا بەهۆی پێکانەوە بەشداریی یارییەکانی تیپەکەی نەکردووە، ئەو دەڵێ، "ئەو مەشقی کردووە، ئەگەر ئامادەبوو بەشداری لە یاریی داهاتوودا دەکات، ئەو ئەگەرچی چوار کارتی زەردی وەرگرتووە، بەڵام هەوڵدەدات لە هەر سێ یارییەکە تاوەکو کۆتایی وەرز بەشداریی بکات".
لەبارەی تۆمەتبارکردنی بەکەمتەرخەمی بەرامبەر ریال مەدرید، ئەربێلوا بەرگری لە کیلیان کردووە و دەڵێ "بێگومان ئەو جێگەی خۆی لە یانەکە دەزانێت، ئەم یانەیە نیعمەتە بۆ هەمووان، یاریزانەکان دەبێ تاوەکو ماون بزانن چەند بەبەختن کە لە ریال مەدرید بوون، چونکە مێژوو ناوی ئەوان بەگەورەیی دەمێنێتەوە".
کارکردن لەگەڵ مۆرینیۆ
لە ئەلڤارۆ پرسیارکرا لەبارەی ئەگەری بەردەوامبوونی لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ ئەگەر ببێتە راهێنەری تیپەکە، ئەو دەڵێ، "دەمەوێ بیرکردنەوەم لەسەر یارییەکەی ئۆڤیێدۆ بێت، لەو رەخنانەش تێدەگەم کە لە بڕیارەکانم دەگیرێن".
دووپاتیکردووەتەوە کە کاتێک وەرز کۆتایی هات، وەڵامی ئەوە دەداتەوە.
ئەو هەروەها دەڵێ، "راهێنەر دەبێ قەڵخانی یاریزانەکانی بێت، کاتێک لەگەڵیان دەبم، هەندێک شت دەڵێم کە لێرە ناگووترێن، بەڕێزەوە لەگەڵیان دەدوێم، بەڵام تووندم، پاڵیان پێوەدەنێم بۆ پێشەوە، هەموو کاتیش باسی ئەو لایەنانەم کردووە کە دەبێ باشتربکرێن، هەروەها ئەوەی کە پێکەوە ئەنجامیان دەدەین و هەڵەمان تێدا کردن".
راهێنەری ریال مەدرید بەدڵنیاییەوە لەوە دەدوێت کە ریال مەدرید جارێکی دیکە نازناوی چامپیۆنزلیگ دەباتەوە، هەروەها خولی ئیسپانیا، بەڵام ئەوە هەموو وەرزێک دووبارە نابێتەوە.
