رووداو دیجیتاڵ
هەندێک لە میدیاکانی عێراق، نووسراوێکیان بڵاوکردووەتەوە کە لە لایەن یەکێتیی تۆپی پێی عێراقەوە، کە واژۆی گۆڤەند عەبدولخالق مەسعودی ئەمینداری گشتیی یەکێتییەکەی لەسەرە (پشتڕاست نەکراوەتەوە)، ئاراستەی عەدنان درجالی سەرۆکی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی کراوە و تێیدا داوا لە درجال دەکەن روونکردنەوە بدات لەبارەی دیارنەمانی بڕە پارەیەک، کە پێشتر بەدیاری پێشکەشی یەکێتییەکە کراوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بڕە پارەیەکی زۆری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بزربووە و ستافی نوێ یەکێتییەکە داوا لە سەرۆکی پێشوو دەکات چارەنووسی ئەو پارەیە ئاشکرابکات.
وەک ئەوەی میدیاکان باسی دەکەن، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق نامەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکی پێشووی یەکێتییەکە، عەدنان درجال کردووە و تێیدا داوای روونکردنەوەی لێکردووە سەبارەت بەوەی کە مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان بڕی 500 هەزار دۆلاری وەک دیاری لە کەسایەتیەکی سیاسی وەرگرتووە و لە هەژماری یەکێتییەکەدا تۆمارکراوە، بەڵام تەنیا 280 هەزار دۆلار وەک پاداشت دراوەتە یاریزانان، 220 هەزار دۆلاری دیکە تاوەکو ئێستا دیار نەماوە.
هەروەها زیاتر دەڵێت "تۆمارەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەریدەخەن کە تەنیا 280 هەزار دۆلار وەرگیراوە؛ ئەو 220 هەزار دۆلارەی کە دەمێنێتەوە تۆمارنەکراوە و چارەنووسی دیارنییە".
هەروەها دەشڵێن "یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی تاوەکو ئێستا پاداشتەکانیان وەرنەگرتووە".
لە نووسراوەکەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقدا، کە ئاراستەی عەدنان درجال کراوە، هاتووە "بەپێی زانیارییەکانمان، بەڕێزتان لەگەڵ بەڕێز محەممەد فەرحان عوبێدی ئەمینداری گشتی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بڕی 500 هەزار دۆلارتان لە نووسینەگەی بەڕێز محەممەد حەلبووسی وەرگرتووە، وەک پاداشتی سەرکەوتن بۆ مۆندیال و بەسەر هەموو یاریزانان و راهێنەران و کارگێڕییەکاندا دابەش نەکراوە، بۆیە داوا دەکەین لە ماوەی 72 کاژێر لەدوای وەرگرتنی ئەم نووسراوە، روونکردنەوە لەو بارەیەوە پێمان بدان".
هەروەها لە نووسراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەبێت ئەوە روونبکرێتەوە کە بۆچی بەشێکی پارەکە دابەش نەکراوە.
دوای ئەوەی هەڵبژاردەنەکانی سەرۆکایەتی عێراق ئەنجام دران و عەدنان درجال لە بەردەم یونس مەحمووددا شکستی هێنا، درجال لە لێدوانەکانیدا رەخنەی لە چەند کەسایەتییەکی سیاسی گرت و بەئاشکرا گوتی "پیرۆزە لە حەلبووسی" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەو هۆکاری سەرخستنی یونس مەحموود بووە.


