رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال بەردەوامە و بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە یارییەکی دۆستانە ئەنجامدەدات.
هەڵبژاردەی بەرازیل لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی، لە تێرێسۆپۆلیس خۆی بۆ یارییەکانی بۆ مۆندیال ئامادەدەکات و لە یەکەم یاریی دۆستانەدا کە کاژێر 00:30 بەڕێوەدەچێت دوای راگەیاندنی لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی پەنەما یاریی دەکات.
نەیمار داسیلڤا پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەکە رەتیدەکاتەوە بیر لە دوورخستنەوەی نەیمار بکاتەوە و دووپاتیکردەوە کە ئەو ئەگەر بۆ یاریی یەکەمیش ئامادەنەبێت بۆ یاریی دووەم دەگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی بەرازیل.
جگە لەوە هەریەکە لە مارکینیۆس، گابریێل ماگالایس و گابریێل مارتینێلی، بەهۆی ئەوەی هێشتا پەیوەندییان بە هەڵبژاردەکەوە نەکردووە، بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
بەرازیل 7ـی 6 دوایین یاریی دۆستانەی بەرامبەر هەڵبژاردەی میسر لە کلیڤلاند ئەنجامدەدات و ئەوە دەبێتە دوایین یاریی هەڵبژاردەکە پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026.
سامبا لە مۆندیالدا لە کۆمەڵەی سێیەم یاریی دەکات، بەرەبەیانی رۆژی 14ـی مانگی داهاتوو یەکەم یاریی بەرامبەر مەغریب دەبێت، دوای ئەوە بەرامبەر هایتی یاریی دەکات و پاشانیش رووبەڕووی سکۆتلاند دەبێتەوە.

