رووداو دیجیتاڵ
وێڕای ئەوەی لە هەفتەکانی رابردوودا ناوی جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی بە گواستنەوە بۆ پاریس سانجێرمانەوە بەسترابوو، بەڵام ئاماژەکان لە پایتەختی فەرەنساوە دەریدەخەن کە یانەکە خەریکە بایەخی خۆی بۆ هێرشبەرەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کەمدەکاتەوە؛ ئەمەش بەهۆی ئەو بڕوایەی لە ناو یانەکەدا دروست بووە، کە یاریزانەکە گواستنەوە بۆ پاریس لە کارە لەپێشینەکانی دانانێت و بارسێلۆنای دەوێت.
بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، کارگێڕیی پاریس سانجێرمان چیدی بەو جۆش و خرۆشەی پێشووترەوە سەیری گرێبەستی ئەلڤارێز ناکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی یاریزانەکە ئەو یانانەی بایەخی پێدەدەن لە سەروویانەوە پاریس سانجێرمان و ئارسیناڵ لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە ئارەزووی سەرەکی ئەو گواستنەوەیە بۆ یانەی بارسێلۆنا.
لێدوانەکانی لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە فەرەنسییەکە، هێندەی دیکە ئەم دەنگۆیانەی بەهێزتر کرد، دوای ئەوەی جەختی کردەوە کە پاریس بەدوای یاریزانێکدا دەگەڕێت کە باوەڕی تەواوی بە پڕۆژەی یانەکە هەبێت و بییەوێت لەبەر هۆکاری وەرزشی و تۆپی پێ روو لە 'شاری رووناکی' بکات. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی ئەو ناوانەی لە بازاڕی گواستنەوەدا باس دەکرێن تەنیا دەنگۆی میدیاکانن و تیپەکە ئێستا پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لە گرێبەستی نوێ نییە.
ئەم پاشەکشەیەی پاریس لەکاتێکدایە کە ناوی ئەلڤارێز لەوەتەی مانچێستەر سیتی جێهێشتووە بەهێزی لە ناو پلانەکانی یانە فەرەنسییەکەدا بووە و چەندینجار هەوڵی گواستنەوەی دراوە، هەروەها لەم دواییانەشدا کێبڕکێیەکی بەهێز لە نێوان ئارسیناڵ و بارسێلۆنا هەبووە بۆ بەدەستهێنانی.
لە بەرامبەردا، ئاتلێتیکۆ مەدرید سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی و فرۆشتنی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەی رەتدەکاتەوە. بەرپرسانی یانەکە دەڵێن یاریزانەکە بۆ فرۆشتن نییە، چونکە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2030 بەردەوامە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی بڕی 500 ملیۆن یۆرۆیە.

