رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی، بە قۆناخێکی نوێکردنەوەی گشتگیر و شۆڕشێکی راستەقینەدا تێدەپەڕێت، فلیک دەیەوێت شێوازە تووندەکەی خۆی بسەپێنێت و پێکهاتەیەک دروست بکات کە توانای باڵادەستیی ناوخۆیی و ئەورووپی هەبێت.
ئەم گۆڕانکارییە گەورەیەی فلیک ئامانجی کەمکردنەوەی تەمەنی یاریزانان و رزگاربوونە لە مووچە بەرزەکان، جگە لە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ گرێبەستە نوێیەکان. ئەمەش وایکردووە کارگێڕیی یانەکە دەرگای رۆیشتن بەڕووی چەندین ناوی دیاردا بکاتەوە.
کۆتایی سەردەمی گۆڵکارە پۆڵەندییەکە
گەورەترین سوپرایزی ئەم شۆڕشە، کۆتاییهێنان بوو بە کاروانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی. ئەو هێرشبەرە پۆڵەندییە کە هیوای گەورەی لەسەر هەڵچنرابوو، بووە یەکەم قوربانی و یانەکەی جێهێشت.
فلیک دەیەوێت پشت بەو هێرشبەرانە ببەستێت کە توانای راکردنی زۆر و گوشاریان هەیە، هەر بۆیە رۆیشتنی لیڤاندۆڤسکی هەنگاوێکی سەرەکی بوو بۆ کردنەوەی رێگە بۆ هێرشبەرێکی نوێ لە هێڵی هێرشبەری بلاوگرانادا.
مەقەستی فلیک ملی تێر شتیگن و لاوەکانیش دەگرێت
ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا هێڵی پێشەوەی نەگرتەوە، بەڵکو گەیشتە نێو گۆڵیش. مارک ئەندرێ تێر شتیگنی ئەڵمانی ناوی خراوەتە لیستی ئەو یاریزانانەی دەبێت بڕۆن، چونکە کارگێڕیی یانەکە پێیانوایە گەڕانەوەی ئەو بۆ ئاستی جاران مەحاڵە، تەنانەت وەک یاریزانی یەدەگیش.
هاوکات، مارک کاسادۆی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست، سەرەڕای درەوشانەوەی لە هەندێک یاریی خولەکەدا، نەبووە جێگەی متمانەی فلیک. کاسادۆ بووە قوربانیی قەرەباڵغی هێڵی ناوەڕاست و ویستی یانەکە بۆ گواستنەوەی یاریزانانێک کە لەڕووی جەستەییەوە بەهێزتربن و لەگەڵ تاکتیکی راهێنەرە نوێیەکە بگونجێن.
ماڵئاوایی لە بەهرەمەندەکان؛
راشفۆرد و فاتێ دەڕۆن، هێڵەکانی باڵی هێرشبەریش گۆڕانکاریی ریشەییان بەسەردا هات. مارکۆس راشفۆردی ئینگلیزی هەموو چانسەکانی بۆ مانەوە لەدەستدا، بەتایبەت دوای ئەوەی یانەکە سەرکەوتوو بوو لە گواستنەوەی ئانتۆنی گۆردۆنی هاونیشتمانی لە یانەی نیوکاسڵەوە.
لە درێژەی ئەم کۆمەڵکوژییە وەرزشییەدا، ئانسو فاتێ بە تەواوی لە پلانەکانی کارگێڕی و راهێنەر دوورخرایەوە. یانەکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات فاتێ بە گرێبەستێکی هەمیشەیی بداتە یانەی مۆناکۆ، تەنیا بۆ ئەوەی لەو مووچە خەیاڵییەی رزگاری بێت و شوێن بۆ ناونووسکردنی یاریزانە نوێیەکان بکاتەوە.

