رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بۆ مۆندیالی 2026 گەیشتە ئەمریکا و لیۆنێل مێسی پەیوەندیی بە شاندی هەڵبژاردەکەوە کرد.
شاندی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بە فڕۆکەیەکی تایبەت کە بە ئاڵای وڵاتەکە نەخشێنراوە و ژمارە 10ـی لیۆنێل مێسی لەسەر باڵەکەیەتی لە بوێنس ئایرسەوە چووە ئەمریکا و شاندەکە لە کانساس دابەزی.
هاندەرانی ئەرجەنتین لە ئەمریکا پێشوازییان لە یاریزانانی هەڵبژاردەکە کرد و شاندەکە چووە شوێنی مانەوەی لەو وڵاتە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکانی مۆندیال.
دوای گەیشتنی شاندی هەڵبژاردەکە، لیۆنێل مێسی و رۆدریگۆ دی پاوڵ لە ئەمریکاوە پەیوەندییان بە پاڵەوانی جیهانەوە کرد، بۆ ئەوەی خۆیان بۆ یارییەکانی مۆندیال ئامادەبکەن.
مێسی هێشتا هەست بە ئازار دەکات، لیۆنێل سکالۆنی نایەوێت مەترسی بخاتە سەر ئەو یاریزانە بۆ یاریی یەکەم، بەڵام ئەگەری هەیە بۆ یارییەکە ئامادەبێت کە بەرامبەر جەزائیر دەچنە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال.
رۆبێرتۆ ئایالا، یاریدەدەری راهێنەری ئەرجەنتین دەڵێت "ناتوانین بەردەوام بیر لە رابردوو بکەینەوە، چونکە تۆپی پێ پەیوەندیی بە داهاتووەوە هەیە، ئەوە یاریزانەکانن کە ئەمە دەسەلمێنن و ئێمە پاڵپشتییان دەکەین. هیوادارین لە بارودۆخێکی باشدابین، شێوازی یارییکردنمان زۆر ناگۆڕین، بەڵام دەزانین پاڵەوانێتییەکە کەمێک درێژتر دەبێت و یاریی زیاتری تێدایە، بۆیە هەر تیپێک لەرووی جەستەییەوە لە ئاستێکی باشدا بێت هەلی زیاتری دەبێت بۆ بردنەوە".
ئەرجەنتین لە مۆندیالدا بەرامبەر جەزائیر، نەمسا و ئوردن یاریی دەکات، پێش ئەنجامدانی یارییەکانی مۆندیال دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر هۆندوراس و ئایسلەندا دەکات.
