رووداو دیجیتاڵ
لامین یامالی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، باسی لەوە کردووە کە ترسی زۆری هەبووە بەهۆی پێکانەوە، بەشداریی مۆندیال نەکات.
ئەو دەڵێ هیواخوازبووم لە کاتی گونجاودا چاک ببمەوە، بۆ ئەوەی بگەمە مۆندیال.
پێشبینیکراوە لامین ئامادەبێت بۆ بەشداریکردن لەو پاڵەوانێتییەی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن و رۆژی 11ی ئەم مانگە دەستپێدەکات.
لامین لەگەڵ بارسا لە رۆژی 22ی مانگی سێی ئەمساڵ دووچاری پێکان بوو و لەوکاتەوە لە بەشداریکردن لە یارییەکان دابڕاوە.
لامین لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ، "پێشتر بەو جۆرە دووچاری پێکان لە بەستەرەکانی ئەژنۆ نەبووم. بەڵام دەمزانی کە بەئاسانی چاک نابمەوە، زۆر دەترسام لەوەی بەهۆی ئەو پێکانەوە بەشداریی لە مۆندیالی داهاتوو نەکەم".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەو یارییەم لەبیرە کە تێیدا دووچاری پێکان بووم، هیواداربووم مەترسیدار نەبێت، چونکە هیواداربووم تەنیا گرژبوون یان شتێکی لەوبابەتە بێت، لەبەرئەوەی دەمزانی کە مۆندیال زۆر نزیکە".
لویس دی لافوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای بانگهێشتکردنی لامین بۆ مۆندیال، رایگەیاندووە کە پشبینی ئامادەبوونی ئەو یاریزانە دەکات بۆ یاریی یەکەم یان دووەمی هەڵبژاردەکە، لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە.
ئیسپانیا رکابەرییەکانی خۆی لە مۆندیال بە یارییکردن بەرامبەر کاپ ڤێردی ئەنجامدەدات لە رۆژی 15ی ئەم مانگە، دواتر رووبەڕووی سعودیە دەبێتەوە لە 21ی هەمان مانگ و دوایین یارییشی لە قۆناخی کۆمەڵەکان، بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای دەبێت لە گوادالاخارای مەکسیک.
پێشبینیکراوە یامال پێشەوایەتیی خەونی ئیسپانییەکان بکات بۆ بەدەستهێنانی دووەم نازناوی مۆندیال لە مێژوودا، پاشئەوەی بۆ یەکەمجار ساڵی 2010 هەڵبژاردەکە لە باشووری ئەفریقا، نازناوەکەی بەدەستهێنا.
لامین دەڵێ، لە کۆتاییدا ئەو ساتە هات کە چاوەڕێی بووین، هەموومان بیر لەوە دەکەینەوە چەندە بەجۆشوخرۆشین بۆ پاڵەوانێتییەکە، هەموو هەوڵی خۆمان لەپێناو نازناوەکە دەدەین.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال لە مەدریدی پایتەختی وڵاتەکە دەستپێکرد.

