رووداو دیجیتاڵ لە نێوەندی هەوڵەکانی یانەی بارسێلۆنا بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێبەستی جواو کانسێلۆ لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی، ناوێکی نوێ و گەورە هاتووەتە سەر مێزی گفتوگۆکان؛ ئەویش داروین نونێزی هێرشبەری ئۆروگواییە. بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، لە کاتی گفتوگۆکاندا ناوی داروین نونێز تەمەن 26 ساڵ هێنراوەتە نێو باسەکەوە، هەرچەندە سەرچاوەکان دیارییان نەکردووە کە ئایا پێشنیازەکە لەلایەن بارسێلۆناوە بووە یان هیلال، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هێرشبەرە ئوروگواییەکە لە دۆخێکی سەختدایە و ئەگەری هەیە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە. بنزیما بووە هۆی دوورخستنەوەی نونێز؟ داروین نونێز کە بەبڕی 53 ملیۆن یۆرۆ لە لیڤەرپوولەوە رووی لە هیلال کردبوو، لە مێرکاتۆی زستانی رابردوودا بەهۆی هاتنی کەریم بنزیما بۆ یانە سعودییەکە، شوێنی خۆی لە لیستەکەدا لەدەستدا. یاسای خولی سعودی کە رێگە بە تەنیا 10 یاریزانی بیانی دەدات، وایکرد نونێز لە لیستەکە دەربکرێت. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یاریزانەکە و یانەی هیلال گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بەڕەزامەندی هەردوولا، ئەمەش رێگە بۆ نونێز خۆش دەکات بەشێوەی سەربەست و بێ بەرامبەر بگەڕێتەوە ئەورووپا. بارسێلۆنا و پلانەکان بۆ هێڵی هێرشبەر سەرەڕای ئەوەی جولیان ئەلڤارێز ئامانجی یەکەمی بارسێلۆنایە، بەڵام داروین نونێز بووەتە بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش. ئەگەر نونێز بە گرێبەستێکی ئازادیش بێت، بارسا هێشتا رووبەڕووی کێشەی بنمیچی مووچە دەبێتەوە و دەبێت چەند یاریزانێک بفرۆشێت یان خەرجییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم هێرشبەرە تۆمار بکات. وەرزێکی پڕ لە هەوراز و نشێو لە سعودیە نونێز لەژێر سەرپەرشتی سیمۆنی ئینزاگی لە هیلال سەرەتایەکی باشی هەبوو، بەهۆی خێرایی و توانای جەستەییەوە گۆڵ و ئەسیستی تۆمار کرد، بەڵام وەرچەرخانە گەورەکە لەمانگی 2ـی 2026دا روویدا؛ کاتێک بنزیما واژۆی کرد و نونێز کرا بە قوربانیی یاسای بیانییەکان و تەنیا رێگەی پێدرا لە پاڵەوانێتییە دەرەکییەکاندا بەشداری بکات. ئایا داروین نونێز دەبێتە پارچە نوێیەکەی پڕۆژەکەی بارسێلۆنا، یان تەنیا وەک ناوێکی سەر مێزی گفتوگۆکان دەمێنێتەوە؟ مێرکاتۆی هاوینە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.