رووداو دیجیتاڵ
یەکەم دوو گرێبەستی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ ریال مەدرید ئاشکرابوون، کە بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ریال مەدرید لەگەڵیان رێککەوتووە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان یەکەم دوو ناویان ئاشکرا کرد کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، واژۆی لێ وەرگرتوون بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە تیپەکەوە بکەن.
پێرێز ئێستا لە ململانێیەکی سەختدایە لە هەڵبژاردنەکانی ریال مەدرید بەرامبەر ئینریکێ ریکێلمی. چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو پێرێز جارێکی دیکە وەک سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە و دوای ئەوە دەست بە پڕۆژە وەرزشییە نوێیەکەی بکات. هەرچەندە تاوەکو ئێستا دەستنیشانکردنی جۆزێ مۆرینیۆ وەک راهێنەر بەفەرمی دووپات نەکراوەتەوە، بەڵام ناوی چەند یاریزانێک دەرکەوتووە.
یەکەم دوو گرێبەستی فلۆرێنتینۆ پێرێز
بەگوێرەی زانیارییەکانی مارکۆس بێنیتۆ لە بەرنامەی ئێل چێرینگیتۆ، یەکێکیان یاریزانی ناوەڕاستی ئەرجەنتینی، نیکۆ پازە و سەرۆکی ریال مەدرید بەنیازی چالاککردنی مەرجی کڕینەوەی ئەو یاریزانەیە دوای وەرزە ناوازەکەی لە خولی ئیتاڵی.
بێنیتۆ گوتی "ئەگەر پێرێز هەڵبژاردنەکان بباتەوە، هەر زوو نیکۆ پاز دەگەڕێتەوە. ئەو باشترین یاریزانی ناوەڕاستی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا بوو و هۆکاری سەرەکی بوو بۆ گەیشتنی یانەی کۆمۆ بۆ چامپیۆنزلیگ بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا".
نرخی گرێبەستی پاز تەنیا 9 ملیۆن یۆرۆیە، لەکاتێکدا نرخی راستەقینەی یاریزانەکە لە نێوان 60 بۆ 70 ملیۆن یۆرۆدایە.
ناوەکەی دیکە کە باس دەکرێت، ئیبراهیما کۆناتێیە، بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوول. بێنیتۆ ئاماژەی بەوە کرد "کۆناتێ یاریزانێکی سەرەکی بووە لە فەرەنسا و خولی ئینگلیزی، بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمگەیشتووە، پێشتر گرێبەستێکی 4 ساڵەی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کردووە بەشێوەی گواستنەوەی ئازاد. واتا بەبێ بەرامبە".




