رووداو دیجیتاڵ
یەحیا گوڵ محەممەدی، راهێنەری نێودار و دیاری ئێرانی لە دهۆکە بۆ ئەوەی دوایین گفتوگۆ لەگەڵ یانەکە بکات و وەکو راهێنەری نوێی یانەکە واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بکات.
محەممەدی ئەمڕۆ سەردانی یاریگای دهۆک دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ژێرخانی وەرزشی یانەکە و شوێنی ئەنجامدانی مەشقەکانی یانەی دهۆک ببینێت، جگە لەوە دوایین گفتوگۆ لەبارەی وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی دهۆک ئەنجامدەدات.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، رێککەوتنی سەرەتایی لەنێوان یانەی دهۆک و ئەو راهێنەرە کراوە و ئەمڕۆ کارەکانی گرێبەستەکەی بەتەواوی یەکلادەبنەوە، دوای ئەوەش رۆژی پێنجشەممە راهێنەرەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئێران.
رۆژی هەینی رابردوو، یانەی دهۆک پەیوەندیی بە یەحیا گوڵ محەممەدییەوە کردووە و ویستی خۆی بۆ کارکردنیان بەیەکەوە پێشانداوە، لەوێ هەنگاوی یەکەم دەستیپێکرد و دوای ئەوەش گەیشتنە رێککەوتنی سەرەتایی.
یەحیا گوڵ محەممەدی تەمەنی 55 ساڵە، لەگەڵ چەندین یانەی جیاوازی ئێران کاریکردووە، پێرسپۆلیس، فۆلاد و زوب ئاهان دیارترین ئەو یانانەن و لە ئەگەری وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەی دهۆک، بۆ یەکەمجار وەکو راهێنەر لە دەرەوەی ئێران کاردەکات.
راهێنەرەکە جگە لەوەی یاریزانێکی دیاری مێژووی تۆپی پێی ئێران بووە، وەکو راهێنەر جامی حەفیز کەپ و جامی سوپەری ئێرانی لەگەڵ زوب ئاهان بردووەتەوە.
لەگەڵ پێرسپۆلیس سێجار خولی ئێرانی بەدەستهێناوە، جامێکی حافیز کەپ، دووجار جامی سوپەری ئێرانی بردووەتەوە و لە ساڵی 2020 پلەی دووەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیای بەدەستهێناوە.
یەحیا گوڵ محەممەدی، ئەمڕۆ لە بارەگای پارێزگای دهۆک لەگەڵ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کۆبووەوە و هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی وەرزشی یانەکانی هەرێمی کوردستان و ئێرانیان کرد.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، ئەمڕۆ گرێبەستی محەممەدی بۆ یانەی دهۆک تەواو دەکرێت و وەکو راهێنەری نوێی یانەکە رادەگەیێنرێت.




