رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر یونایتد رایگەیاند کە راسموس هۆیلوندی هێرشبەری نێودەوڵەتی دانیمارکی بە گرێبەستێکی هەمیشەیی پەیوەندی بە یانەی ناپۆلی ئیتاڵییەوە کردووە، بەمەش کۆتایی بە گەشتەکەی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان هێنا.
هۆیلوند وەرزی رابردوو بەخواستن لە ریزەکانی یانە ئیتاڵییەکەدا بوو، کە تێیدا ئاستێکی بەرزی نیشاندا و توانی 16 گۆڵ لە 44 یارییدا لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا تۆمار بکات؛ ئەمەش وای لە کارگێڕیی ناپۆلی کرد دەستبەرداری تواناکانی نەبن و گرێبەستەکەی لە خواستنەوە بکەن بە کڕینی کۆتایی.
ئەم هێرشبەرە لاوە کە هەمیشە ئاشکرای کردووە لە منداڵییەوە ئاشقی مانچێستەر یونایتدە، لە هاوینی 2023 لە یانەی ئاتالانتای ئیتاڵییەوە پەیوەندی بە قەڵای ئۆڵدترافۆردەوە کرد. لە ماوەی کاروانی وەرزشییدا بەدرێسی تیپە ئینگلیزییەکەوە 26 گۆڵی لە 95 یاریی فەرمیدا تۆمارکرد.
هۆیلوند بەشێک بوو لەو تیپەی یونایتد کە لە ئایاری 2024 جامی یەکێتی ئینگلتەرایان بەرزکردەوە، دوای ئەوەی وەک یاریزانی یەدەگ لە یاریی کۆتایی مێژووییدا بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە یاریگای وێمبڵی بەشداری کرد.
لە سەرەتای وەرزی 2025 - 2026، هۆیلوند لەڕێگەی خواستنەوە بۆ ماوەی یەک وەرز گەڕایەوە بۆ یاریگاکانی ئیتاڵیا، کە تێیدا بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری کرد لە بەدەستهێنانی نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیا بۆ ناپۆلی و بەدەستهێنانی پلەی دووەم لە خولی ئیتاڵیدا.
یانە ئینگلیزییەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا سوپاسی راسموسی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئاڵنگارییە نوێیەکەیدا و لە کاروانی داهاتووی لە وڵاتی ئیتاڵیا.




