رووداو دیجیتال
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 22:00ـی شەو بەکاتی هەولێر، هەڵبژاردەی عێراق یارییەکی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی ریازۆر لە شاری لاکارۆنیای ئیسپانیا ئەنجام بدات وەک ئامادەکاریی بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026.
یارییەکی مێژووییە بۆ هەڵبژاردەی عێراق و سوودێکی زۆری بۆ ئەزموونی یاریزانەکانی دەبێت، لەبەرئەوەی ئیسپانیا لە ریزبەندیی باشترینەکانی جیهانە، یارییەکە لەسەر داوای گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقە، لەبەرئەوەی کۆمەڵەکەیان لە مۆندیال سەختە کە پێکهاتووە لە هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال.
عێراق دوو هەفتەیە لەنێو کەمپی راهێنانە لە ئیسپانیا، یەکەم یاریی دۆستانەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەندۆرا بەئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و یاریکردن بەرامبەر ئیسپانیا دووەم یارییە، بڕیاریش وایە سێیەم یاریی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤەنزوێلا لە 9ـی ئەم مانگە لە شاری شیکاگۆی ئەمریکا ئەنجام بدات.
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بەر لە یارییەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، گوتی "ئێمە وەک یارییەکی دۆستانە مامەڵە لەگەڵ یارییەکەدا ناکەین، چونکە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەهۆی مێژووی دەوڵەمەند و شێوازی هەڵبژاردەی یاریکردنی جیاوازەوە یەکێکە لە بەهێزەکانی جیهان".
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق 4 ئەستێرەی کورد یاریی دەکەن کە بریتیین لە: ئاکام هاشم، یوسف ئەمین، مێرخاس دۆسکی و مارکۆ فەرەج.
ئارنۆڵد روونیکردەوە "ئامانجی یارییەکە تاقیکردنەوەی تواناکانی یاریزانەکان و هەڵسەنگاندنی لێهاتوویی جەستەیی یاریزانانمانە بەر لە مۆندیال".
بەپێی دوایین ریزبەندیی فیفا، هەڵبژاردەی عێراق لە ریزبەندی 38ـەمینە لە نێوان 48 هەڵبژاردەی بەشداری مۆندیالی 2026 دێت.
هەڵبژاردەی عێراق یەکەم یاریی لە مۆندیال رۆژی 17ـی ئەم مانگە بەرامبەر بە هەڵبژاردەی نەرویجە، عێراق دووەمجارە کە مێژووی خۆیدا بەشداریی یارییەکانی مۆندیال دەکات، بەشداریی یەکەمی لە 1986 بوو.




