رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال بەردەوامە و کارلۆ ئەنچێلۆتی، کار لەسەر ئامادەکردنێکی بەهێزی تیپەکەی دەکات.
بەرازیل دوای ئەوەی گەیشتە نیوجێرسیی ئەمریکا، ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال دەستپێکرد و درێژەی بە مەشق و راهێنانەکانی دا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یاریی دۆستانەی بەرامبەر هەڵبژاردەی میسر.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە کلیڤلاند دوایین یاریی دۆستانەی بەرامبەر میسر ئەنجامدەدات، دوای ئەوە دەچێتە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال.
لە مەشقەکانی بەرازیل سەرجەم یاریزانەکان بەشێوەیەکی ئاسایی لەسەر چیمەنی یاریگا مەشقیانکرد، تەنیا نەیمار داسیلڤا، لە هۆڵی تایبەت و بە تەنیا راهێنان دەکات بۆ ئەوەی کار بۆ گەڕاندنەوەی توانای جەستەیی بکات.
بەو هۆیەوە یاریزانەکە لەنێو یاریگادا و لەبەردەم میدیاکاندا دەرنەکەوت.
بەرازیل لە کۆمەڵەی سێیەمدا، بەرامبەر مەغریب، هایتی و سکۆتلاند یاریی دەکات.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل پێشتر رایگەیاندبوو، دەیانەوێت بەباشترین شێوە بۆ مۆندیال ئامادەبن و هەموو ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە ئەگەری دوورخستنەوەی نەیمار دەکەن و گوتی نەیمار ئەگەر بۆ یاریی یەکەمیش ئامادەنەبێت بۆ یاریی دووەم ئامادەدەبێت.



