رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، وردەکاریی ئەو پارەیەی ئاشکراکردووە کە بەسەر ئەو یانانەدا دابەشیان دەکات، کە یاریزانیان لە مۆندیال هەیە.
فیفا ئاشکرایکردووە بڕە پارەیەکی زۆر گەورە کە 305 ملیۆن یۆرۆیە، بەسەر ئەو یانانەدا دابەشدەکرێت کە یاریزانەکانیان بەشداری لە مۆندیالی 2026 دەکەن و ئەو بڕە پارەیە، بەڕێژەی 70 لەسەد زیادیکردووە، بەراورد بەو بڕەی بۆ مۆندیالی پێشوو، بەیانەکان دراوە.
بڕی هەرە گەورەی پارەکە کە 2015 ملیۆن یۆرۆیە، بەسەر ئەو یانانەدا دابەشدەکرێت کە یاریزانەکانیان لە مۆندیال دەبن و رۆژانە بۆ هەر یاریزانێک، فیفا بڕی 4200 یۆرۆ دەداتە یانەکە و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پاڵەوانێتییەکە، بڕەکە زیاتر دەبێت.
پێشبینییەکان دەڵێن، یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی کە زۆرترین یاریزانی لە مۆندیالە و ژمارەیان 19 یاریزانە، رۆژانە 10000 یۆرۆ وەردەگرێت و پێشبینیکراوە کۆی قازانجەکانی ئەو یانەیە، لە بەشداریی یاریزانەکانی لە مۆندیال، بگاتە شەش ملیۆن یۆرۆ.
فیفا لە بڕیارێکی مێژوویی نوێدا، بڕیاریداوە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ بۆ قەرەبووی یاریزانان، لە پاڵاوتنەکان تەرخان بکات و بەوەش لە کۆی 905 یاری لەسەرجەم کیشوەرەکان، هەر یاریزانێک بەرامبەر هەر یارییەک، بڕی 2000 یۆرۆ دەبەخشێتە یانەکەی.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا دەڵێ، "ئەمە تایبەتمەندییەکی دیکەی فراوانکردنی مۆندیالە، چونکە رێگەماندەدات کە پشتگیریی زیاتری سیستمی ژینگەیی تۆپی پێ بکەین، بەتایبەت ئەو یانانەی رێگە بەبەشداریی یاریزانەکانیان دەدەن لە مۆندیال".
لە کۆی ئەو 305 ملیۆن یۆرۆیەی لە پارە تەرخانکراوەکەی فیفا دەمێنێتەوە، کە بڕەکەی چوار ملیۆن یۆرۆیە، تەرخان دەکرێت بۆ پڕۆگرامێکی پەرەپێدانی تۆپی پێ لە یانەکان، ئەوەش بەپێی رێکەوتن لەنێوان فیفا و یوفا.




