رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل دوایین یاریی دۆستانەی بۆ مۆندیال ئەنجامدەدات و نەیمار هێشتا بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەنییە.
مەشق و ئامادەکارییەکانی بەرازیل بۆ مۆندیال لە نیوجێرسی بەردەوامن، هەڵبژاردەکە رۆژانە لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی، ئامادەکارییەکان بۆ مۆندیال ئەنجامدەدات.
دوای پەیوەندیکردنی مارکینیۆس، گابریێل و مارتینێلی، تیپەکەی کارلیتۆ بەتەواوی لە ئەمریکایە و خۆی بۆ رکابەرییەکانی مۆندیال ئامادەدەکات.
هەڵبژاردەکە رۆژی هەینی دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ دوایین یاریی دۆستانە ئەنجامدەدات کە بەرەبەیانی سبەی بەرامبەر میسر ئەنجامیدەدات.
بەرازیل لەڕووی جەستەییەوە لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام نەیمار هێشتا بۆ یارییکردن ئامادەنییە و رۆژی دووشەممە دوایین پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە پێکانەکەی بەتەواوی روون ببنەوە.
نەی بە تۆمارکردنی 79 گۆڵ گۆڵکاری هەڵبژاردەی بەرازیلە، هاندەران چاوەڕێی ئەو یاریزانە دەکەن دوای ئەوە بۆ مۆندیال بانگهێشتکرا.
بەرازیل یارییەکی دۆستانەی بە شەش گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە پەنەما بردووەتەوە، بەرەبەیانی سبەی بەرامبەر میسر یاریی دەکات.
دوای ئەوە رۆژی 14ـی ئەم مانگە یەکەم یاریی لە مۆندیالدا بەرامبەر مەغریب ئەنجامدەدات، دوای ئەوە بەرامبەر هایتی یاریی دەکات و پاشانیش رووبەڕووی سکۆتلاند دەبێتەوە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری بەرازیل پێش ئەنجامدانی یارییەکە گوتی "دۆخی نەیمار بەرەو باشبوونە، رۆژی دووشەممە پشکنینی ئێم ئار ئای بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بزانین کەی دەتوانێت بەشداری لە مەشقە بە کۆمەڵەکاندا بکات".
کارلۆ گوتی "هەموو یاریزانەکان خولەکی پێویست بۆ یارییکردن وەردەگرن، گابریێل ماگالایش بە ماندووبوونەوە گەڕاوەتەوە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات".




