رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشکەشکردنی دەستەوارەیەک بەبڕی 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ هێنانی 'گرێبەستی خەونەکەی'، لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا.
سەرۆکی ریال مەدرید، کە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا ئەو پۆستەی بەدەستەوە بووە و لە هەڵبژاردنەکانی ئێستا کاندیدە بەرامبەر ئینریکێ ریکێلمی، پلانی داناوە بۆ زیادکردنی "گرێبەستی خەونەکەی" بۆ ریزەکانی یانەی شاهانە ئەگەر دووبارە متمانەی ئەندامان بەدەستبهێنێتەوە.
پێرێز لە دوایین دەرکەوتنی میدیاییدا گوتی "دەستەوارەیەک پێشکەش بە یەکێک لە یانە گەورەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەکەم بۆ کڕینی یاریزانێکی مەزن، کە ئەمە دەبێتە گەورەترین بڕە پارە کە ریال مەدرید تاوەکو ئێستا لە مێژوویدا بۆ گرێبەستێک دابینی کردبێت و دەگاتە 150 ملیۆن یۆرۆ".
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەو ناوەی لە سەرووی لیستی ئارەزووەکانی پێرێزدایە، مایکڵ ئۆلیسێی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشنە. ئەم یاریزانە فەرەنسییە وەرزێکی ناوازەی لەگەڵ بایرن پێشکەش کرد و لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگیشدا بەرامبەر ریال مەدرید ئاستێکی بەرزی نیشان دا.
بەڵام رۆژنامەی مارکا ناوی 8 ئەستێرەی دەستنیشان کردووە کە بەهای بازاڕییان لە نێوان 140 بۆ 200 ملیۆن یۆرۆدایە و بەدڵنیاییەوە گرێبەستەکە لەو ناوانە دەرناچێت.
5 یاریزان بۆ 'گرێبەستی خەونەکەی' دوای لابردنی 3 ناو
رۆژنامەی مارکا لە راپۆرتەکەیدا لیستی ئەو یاریزانانەی بڵاوکردووەتەوە کە بەهای بازاڕییان لە نێوان 150 بۆ 200 ملیۆن یۆرۆدایە. لامین یامال، ئێرلینگ هالاند و کیلیان ئێمباپێ لەپێشەوەی لیستەکەدان و بەهای هەر یەکێکیان گەیشتووەتە 200 ملیۆن یۆرۆ. هەروەها لیستەکە هەریەکە لە پێدری، مایکڵ ئۆلیسێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆری تێدایە بە بەهای 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر یاریزانێک.
لە بەرامبەردا، هەریەکە لە جواو نێڤێس و ڤیتینیا ناویان لە لیستەکەدا هاتبوو کە بەهای هەر یەکێکیان 140 ملیۆن یۆرۆیە (کەمتر لە 150 ملیۆن یۆرۆ).
دوای لابردنی ناوی ئێمباپێ و ڤینیسیۆس (کە ئەستێرەی ئێستای ریال مەدریدن) و ئێرلینگ هالاند (ئەستێرەی مانچێستەر سیتی)، بەو پێیەی پێرێز جەختی کردەوە کە ئەستێرە نوێیەکە لە خولی ئینگلیزییەوە نایێت، تەنیا 5 ناو دەمێننەوە، کە ئەمانەن:
1 - لامین یامال (بارسێلۆنا)
2 - پێدری (بارسێلۆنا)
3 - مایکڵ ئۆلیسێ (بایرن میونشن)
4 - جواو نێڤێس (پاریس سانجێرمان)
5 - ڤیتینیا (پاریس سانجێرمان)




