رووداو دیجیتال
یانەی زەورا هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ محەممەد دلاوەر، ئەستێرەی کوردی یانەی نەورۆز چڕکردووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە یانەی نەورۆز بەشێوەیەکی فەرمی وەڵامی نەورەسەکانی بەغدا بە نەرێنی دایەوە و ئاشکرایکرد کە ئەستێرەکەیان فرۆشتنی لەسەر نییە.
محەممەد دلاوەر، ئەستێرە ناوازەکەی یانەی نەورۆز لە سێ وەرزی رابردوودا ئاستێکی بەرزی لەگەڵ تیپەکەیدا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکەشکردووە، کاپتنی یانەکەیەتی و وەک یاریزانی باڵ رۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتن و ئەنجامە باشەکانی نەورۆزی کوردان هەیە بە دەیان ئەسیست و گۆڵی هەن.
لە چەند رۆژی رابردوو شاندێکی تایبەت لە یانەی نەورۆز سەردانی شاری سلێمانیان کردووە، چەند جارێک لەگەڵ هێرش هەورامی، جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز کۆبوونەوەتەوە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ محەممەد دلاوەر بکەن، لەبەرئەوەی ئەستێرەکەی نەورۆز هێشتا گرێبەستی ساڵێکی لەگەڵ تیپەکەیدا ماوە و دەبێت پابەند بێت.
شاندەکەی زەورا بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی محەممەد دلاوەر و رەزامەندی یانەی نەورۆز ئامادەبوون گرێبەستەکەی بشکێنن و چەند یاریزانێکیش پێشکەش بە نەورۆز بکەن، لەوانە محەممەد قاسمی هێرشبەر و گۆڵکار لەگەڵ یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست بەپێی داواکاریی یانەی نەورۆز، بەڵام نەورۆز گوتوویەتی بڕی ملیارێک دینارم دەوێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەو ئەستێرەیە بم.
سەرچاوەیەک لە دەستەی کارگێڕیی یانەی نەورۆز بۆ رووداو سپۆرتس، گوتی "ئێمە ئەوە پرسەمان یەکلایکردووەتەوە و محەممەد دلاوەر ئەستێرەیەکی کاریگەری ئێمەیە و ناتوانین بیفرۆشین، بێگومان زەورا زۆر پەرۆش بوون کە دەستبەرداری بن، بەڵام ئێمە گووتمان ئەو یاریزانە نرخی یەک ملیارە و پرسەکە کۆتایهات".
یانەی زەورا یەکێکە لەو یانانەی دەیەوێت وەرزی داهاتوو رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو گرێبەستکردنی لەگەڵ باسم قاسمی گەورە راهێنەری عێراق ئاشکرا بکات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو راهێنەرە وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەی هەولێر پێشکەشکرد.




