رووداو دیجیتاڵ
خامیس رۆدریگێز، لە پەیامێکدا داوایلێبوردن لە ئانتۆنێلای کچی سەرۆکی کۆلۆمبیا دەکات، دوای ئەوەی ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە، کە لە کاتی بەڕێکردنی هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا بۆ ئەمریکا لەلایەن باوکییەوە، ئەو خانمە داوای لە خامیس کرد وێنەیەکی لەگەڵ بگرێت، بەڵام یاریزانەکە پشتگوێیخست:
بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 لە یاریگاکانی ئەمریکای باکوور، کەشوهەوای ناو کەمپی هەڵبژاردەکان پڕ بووە لە چیرۆکی سەرنجڕاکێش، کە یەکێکیان خامیس رودریگێزی کاپتنی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا و ئانتۆنێلای تەمەن 17 ساڵ، کچی گۆستاڤۆ پێترۆی سەرۆکی کۆڵۆمبیا بوون بە پاڵەوانی.
لە کاتی سازکردنی رێوڕەسمی ماڵئاوایی فەرمی لە فڕۆکەخانەی بۆگۆتا پێش ئەوەی شاندی هەڵبژاردەکە بەرەو مۆندیال بەڕێبکەون، ئانتۆنێلا لە خامیس رودریگێزی یاریزانی دڵخوازی نزیک بووەوە و داوای وێنەیەکی یادگاری لێکرد، بەڵام خامیس بەهۆی دەنگەدەنگ و قەرەباڵخیی دەوروبەری، ئاگاداری داواکەی نەبوو و بەبێ مەبەست بە تەنیشتیدا تێپەڕی، ئەمەش وەک جۆرێک لە پشتگوێخستنی بێ مەبەست دەرکەوت.
ئەوەی بووە جێی مشتومڕ ئەوە بوو کە یاریزانانی هەڵبژاردەکە لەگەڵ سەرۆکدا بە روخسارێکی مۆنەوە دەرکەوتن، ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو وێنانە بوو کە پێش سەرکەوتنیان بۆ ناو فڕۆکەکە گیرابوون و تێیاندا زۆر دڵخۆش دەردەکەوتن.
دوای ئەم دۆخە، ئانتۆنێلا لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژیرییەکی زۆری نیشان دا و گوتی کە هیچ رقێکی لەدڵدا نییە و خامیس هەمیشە یاریزانی دڵخوازی ئەو دەبێت.
کاتێک خامیس ئەم قسانەی بیست، وەک نیشاندانی رەوشتبەرزیی خۆی، نامەیەکی داوای لێبوردنی پڕ لە سۆزی لەڕێگەی ئەکاونتە فەرمییەکانییەوە بۆ کچەکە نارد.
خامیس نووسیویەتی "ئانتۆنێلا، تکایە بمبوورە.. بەدڵنیاییەوە لە نزیکترین دەرفەتدا وێنەیەکی نایاب پێکەوە دەگرین! لەگەڵ ئەوەشدا، دیارییەکی تایبەتم بۆت هەیە؛ درێسی یادگاریی خۆم کە هی هەڵبژاردەیە، تەنیا پێمبڵێ لە کوێ و چۆن بۆت بنێرم، و من خۆم دڵنیادەبمەوە لەوەی پێت بگات. جارێکی دیکە کە منت بینی، دەنگت کەمێک بەرز بکەرەوە.. گەرمترین باوەشم بۆت هەیە!".
هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا لە کۆمەڵەی یازدەیەم دایە لەگەڵ ئۆزبەکستان، کۆنگۆی دیموکرات و پۆرتوگال. هەروەها کۆڵۆمبیا دوای دابڕانی لە مۆندیالی 2022، دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ جامی جیهانی.




