رووداو دیجیتاڵ
یانەی گازی باکوور دوای سەرکەوتنی بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێز دەستپێکردووە و بەهێزترین دەستەوارەی تیپەکەش پێشکەشی ئەیمەن حوسێنی گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق کراوە.
جاری یەکەمە گازی باکوور بەشداری لە گەورەترین خولی تۆپی پێی عێراق دەکات، ئەمەش دوای چاوەڕوانییەکی زۆری وەرزشڤانان و خەڵکی کەرکووک، کە سێزدە ساڵ بوو تەنیا لە دوورەوە سەیری خولەکەیان دەکرد، گازی باکوور لەگەڵ جۆڵان دوو ناوی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقن لە وەرزی نوێدا.
دەستپێکی نوێکردنەوەی تیپەکە هێنانی رەئفەت محەممەد، راهێنەری سوورییە، کە دەستەی کارگێڕیی یانەکە گرێبەستی فەرمیان لەگەڵ ئەو راهێنەرە واژۆکردووە و چاوەڕێن بۆ ئەوەی یاریدەدەرەکانی دەستنیشان بکات، بۆ ئەوەی لە داهاتووییەکی نزیکدا ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێبکەن.
ئەیمەن حوسێن، کاپتنی هەڵبژاردەی عێراق و ئەستێرەی باڵکێش خەڵکی کەرکووکە و یەکەمجار لە گازی باکوور تواناکانی دەرکەوت، گازی باکوور بەفەرمی دەستەوارەی پێشکەشکردووە و دەیەوێت ریزەکانی بەو ئەستێرەیە بەهێزتر بکات.
لەبارەی گفتوگۆی گازی باکوور و ئەیمەن حوسێن، سەرچاوەیەک لەنێو دەستەی کارگێڕیی یانەی گازی باکوور بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئەیمەن حوسێن زۆر بەدڵخۆشییەوە داواکاریی ئێمەی قبوڵکرد، ئامادەیە یاریمان بۆ بکات و لە نرخی گرێبەستیش هاوکاریمان دەکات، ئەو ئەستێرەیە دوو دەستەوارەی لە دەرەوەی عێراق بۆ هاتووە، ئەگەر نەچێتە دەرەوە وەک یاریزانی پیشەگەر، ئەوە بەدڵنیاییەوە یاریزانی گازی باکوور دەبێت".
لەبارەی هێنانی یاریزانانەوە گازی باکوور هەوڵی بەدەستهێنانی تواناکانی هەریەک لە محەممەد سامی و ئیبراهیم غازی لەگەڵ شێروان کوردستان دەدات.
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی یانەی گازی باکوور زیاتر روونیکردەوە "محەممەد سامی، ئەستێرەیەکی کەرکووکییە و پێیخۆشە بێتەوە شارەکەی خۆی، بەڵام ئەمساڵ دەیەوێت بەشداریی پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە لەگەڵ یانەی جەوییە بکات، بۆیە داوای لێبوردنی لێمانکرد، لەگەڵ ئیبراهیم غازی و شێروان کوردستان لەسەر هێڵین و تەنیا ماوە ئەو بڕە پارەیەی کە یاریزانەکان بۆ نرخی گرێبەستەکانیان دیاریکردووە رێککەوتنی لەسەر بکەین".
یانەی گازی باکوور ساڵی 2004 دامەزراوە، یانەیەکە کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک پاڵپشتی دەکات، جیا لە یاریزانەکانی ناوخۆ، یانەکە لەگەڵ چەند یاریزانێکی پیشەگەر لەسەر هێڵە بۆ واژۆکردنی گرێبەست.




