رووداو دیجیتاڵ
بەپێی هەواڵە چڕوپڕەکانی رۆژنامەی 'Marca' و بەرنامەی 'El Chiringuito'، فلۆرێنتینۆ پێرێز توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت و بۆ خولێکی دیکە لە پۆستی سەرۆکایەتیی یانە شاهانەکەدا بمێنێتەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، پێرێز رووبەڕووی بازرگان ئینریکێ ریکێڵمی بووەوە و توانی نزیکەی 65%ی دەنگەکان مسۆگەر بکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ماوەی 20 ساڵ بوو هیچ رکابەرێکی بۆ ئەم پۆستە لە نێو قەڵای سپیدا نەبوو.
ئەم سەرکەوتنە نوێیە درێژەپێدەری گەشتە مێژووییەکەی پێرێزە کە لە ساڵی 1995ەوە دەستی پێکرد، کاتێک لە یەکەم هەوڵیدا بە جیاوازی کەمتر لە 700 دەنگ بەرامبەر رامۆن مێندۆزا دۆڕا، بەڵام لە ساڵی 2000دا بە کەمپەینە بەناوبانگەکەی و بەڵێنی گواستنەوەی لویس فیگۆ گەڕایەوە و بە بەدەستهێنانی 50%ی دەنگەکان لە لۆرێنزۆ سانزی بردەوە. پێرێز لە ساڵی 2004دا پێگەی خۆی زیاتر چەسپاند کاتێک بە رێژەی 91%ی دەنگەکان دووبارە هەڵبژێردرایەوە، و دوای دابڕانێکی کورت، لە ساڵی 2009دا بەبێ رکابەر گەڕایەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی.
لەو کاتەوە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ، پێرێز لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2013، 2017، 2021 و 2025 بەبێ هەبوونی هیچ رکابەرێک لە پۆستەکەیدا مایەوە و یەکێک لە سەرکەوتووترین سەردەمەکانی مێژووی تۆپی پێی بۆ مێرێنگێ نەخشاند.
ئێستا بە بردنەوەی ئەم هەڵبژاردنەی ساڵی 2026، پێرێز لە کۆی 9 کەمپەینی هەڵبژاردن توانیویەتی 8 جار سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و تەنیا یەکجار شکست بهێنێت، ئەمەش وای کردووە ببێتە باڵادەستترین و کاریگەرترین کەسایەتی لە مێژووی هاوچەرخی یانەکەدا.




