رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی کۆچ و خاڵە سنوورییەکانی ئەمریکا، رێگایان بە ناوبژیوانێکی یارییەکانی مۆندیالی 2026 نەدا، بچێتە نێو خاکی ئەمریکاوە.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، دەزگای کۆچی ئەمریکا، رەتیکردووەتەوە رێگا بە عومەر عەبدولقادر عرتنی ناوبژیوان بدات، بچێتە نێو خاکی وڵاتەکەوە.
عرتن چەند رۆژێک بەرلەدەستپێکردنی رکابەرییەکانی جامی جیهان، گەیشتە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا، بەڵام رێگای چوونە نێو وڵاتەکەی پێنەدرا.
رۆژنامەی 'ریکۆرد'ی مەکسیکی ئاشکرایکردووە، عومەر عەبدولکەریم عرتنی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی رێگەی چوونە نێو خاکی ئەمریکای پێنەدراوە، ئەگەرچی ئەو لە نێو لیستی ئەو 52 ناوبژیوانەدایە کە فیفا دەستنیشانیکردبوون بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکانی مۆندیالی ئەمساڵ.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو ناوبژیوانە لە ئەمریکاوە راستەوخۆ گەڕێنراوەتەوە بۆ تورکیا.
دۆسێی عرتن، دەبێتە بەشێکی دیکە لە دۆسێی دیکەی هاوشێوە، پێشتر ژمارەیەک لە ئەندامانی هەڵبژاردەی ئێران رێگای چوونە نێو خاکی ئەمریکایان پێنەدرا، جیا لەوەش ئەیمەن حوسێنی یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، لەکاتی گەیشتنی بەفڕۆکەخانەی شیکاگۆ، ماوەی حەوت کاژێر راگیرا، بەرلەوەی دواتر رێگای چوونە ژوورەوەی پێبدرێت.
عرتنی 42 ساڵ، دەبووە یەکەم ناوبژیوانی سۆماڵی لە مێژوودا یارییەکانی مۆندیال بەڕێوەببات، بەڵام رێگەی چوونە پاڵەوانێتییەکەی پێنەدرا.
یارییەکانی مۆندیال کە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن، بڕیارە رۆژی یانزەی ئەم مانگە دەستپێبکەن.




